عەلى زەیدى مەفرەزەى دەروازە سنوورییەکانى لە بازگەکان کشاندەوە

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

حکوومەتی عێراق بڕیاری دا بە کشاندنەوەی مەفرەزەکانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە بازگەکانی سەد و چیمەن، باوە مەحموود و دارەمان؛ عەلائەددین قەیسی، گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەڵێت، بازگەکان ڕادەستی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەکرێن.

ئامانج لە چاکسازی و بەهێزکردنی چاودێری

ڕوونیشی کردەوە، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی چاکسازییە بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و ڕێگریکردن لە هێنانی کەلوپەلی قەدەغەکراو.

بنبڕکردنی بەرتیل و واستە لە دەروازەکان

بە گوتەی عەلائەددین قەیسی، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی فەرمانبەران سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە دەروازە سنوورییەکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دروستبوونی واستە و بەرتیلوەرگرتن.

بەرپرسیارێتیی گواستنەوەی فەرمانبەران

جەختیشی کردەوە، دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەرپرسە لە دواخستنی ئاڵوگۆڕی هەر فەرمانبەرێک کە لە دەروازە سنوورییەکان فەرمانی گواستنەوەی بۆ دەردەچێت.

تەرخانکردنی پاداشت بۆ کارمەندان

گوتەبێژی دەروازە سنوورییەکان ڕوونی کردەوە، تەرخانکردنی ڕێژەی 20% لە بەهای کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان بۆ کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان، هەنگاوێکی زیرەک و هاندەرە بۆ هەوڵە مەیدانییەکان و پەیامێکی ڕوونە کە دەوڵەت ڕێز لەوانە دەگرێت بە جدی کار دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و پاراستنی ماڵی گشتی.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا