لە شێلادزێ خۆپیشاندان دژى ڕێگرییەکانى سوپاى تورکیا بەڕێوەچوو
لە شێلادزێ خۆپێشاندان دژ بە ڕێگرییەکانی سوپای تورکیا بەڕێوە چوو، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد و یەکێک لە ڕێکخەرەکانیشیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرد و دواتر لە ڕێگەیەکی دەرەوەی شار ئازادیان کرد.
بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران و دەستبەسەرکردنی ڕێکخەرێک
خۆپێشاندانەکە بە بەشداریی گەنجانی سنوورەکە و گوندنشینان بەڕێوە چوو، بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەیان پێ کرا و هێزێکی ئەمنیی زۆریان لە ناوچەکە بڵاوە پێ کرد. خۆپێشاندانەکە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی گەنجانی (شێلادزێ، سیریێ و دێرەلووک) ڕێک خرابوو، بەمەبەستی کردنەوەی ڕێگەیەک بوو، کە بەهۆی شەڕی تورکیا و گەریلای پەکەکەوە داخراوە.
ناسنامەی کەسە دەستبەسەرکراوەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، ئەو کەسەی بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرا، زێدان عادل سیتەییە کە پیشەی مامۆستایە و یەکێک بووە لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکە؛ هاوکات هێزێکی زۆری ئەمنی براوەتە ناوچەکە و بە چڕی بڵاوەی پێ کراوە.
ڕاگەیێنراو بۆ خۆپیشاندان
پێشتر ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیێنراوێکدا داوای لە سەرجەم چین و توێژەکانی دەڤەرەکە کردبوو، ڕۆژی هەینی کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ، لە بەردەم دەروازەی گەلیی ڕێکان خۆپێشاندانێکی فراوان ئەنجام بدەن.
ئامانجی خۆپێشاندانەکە
ئامانجی سەرەکیی خۆپێشاندانەکە داواکردنە بۆ کردنەوەی ڕێگەی گەلیی ڕێکان، کە ماوەی 7 ساڵە بەهۆی ئۆپراسیۆن و هێرشەکانی تورکیاوە بەڕووی هاونیشتمانییاندا داخراوە.
100 هاونیشتمانی شەهیدبوون
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنەکە، لەماوەی 7 ساڵدا بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیاوە نزیکەی 100 هاونیشتمانی شەهید بوون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوندە ئاوەدان و چۆڵکراوەکانی شێلادزێ
بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو، لە سنووری شێلادزێ لە کۆی 99 گوند، تەنیا 7 گوندی سنوورەکە ئاوەدانە و سوپای تورکیا ڕێگە نادات دانیشتووانی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان.
گوندە ئاوەدان و چۆڵکراوەکانی ئامێدی
لە سنووری شارۆچکەی ئامێدیش دۆخەکە قورسترە، کە لە کۆی 306 گوندی ناوچەکە، 206 گوندیان بە تەواوی چۆڵکراون و تەنیا دانیشتووانی 30 گوند ڕێگەیان پێ دەدرێت بۆ مەبەستی کشتوکاڵ سەردانی ڕەز و باخەکانیان بکەن.
پشتگوێخستنی داواکاریی گوندنشینان
سەرەڕای چەندین جار گردبوونەوە و داواکاری بۆ گەڕانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە پشتگوێ خراوە.
خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەی 12ـی خۆیدا کە لە 5 بۆ 7ـی ئایاری 2025 بەڕێوە چوو، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و کۆتاییهێنان بە چالاکییە چەکدارییەکانی دا.
پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامیی ڕێگرییەکان
لە مانگی تەممووزی 2025دا، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە وەک هێمایەک بۆ چەکدانان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی، چەکەکانیان سووتاند، بەڵام سوپای تورکیا هێشتا بە پاساوی جیاواز ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاسایی گوندنشینان دەکات.
سی پی تی: تورکیا 71 بارەگای سەربازیی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی CPTـی ئەمریکی، سوپای تورکیا لە ئێستادا 71 بارەگای سەربازیی لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
قوربانیانی سڤییل لە 2024 دا
بەهۆی بۆردوومان و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان، تەنیا لە ساڵی 2024دا 9 هاونیشتمانی سڤیل شەهید بوون. ئەم ناوچانە کە ساڵانێکی زۆرە بوونەتە گۆڕەپانی ململانێ، زیانی گەورەیان بە کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا