گوتەبێژى هاوپەیمانیى نەسڕ بۆ کەناڵ8: داوامان کردووە پەلە بکرێت لە پێکهێنانى حکومەتى هەرێمی کوردستان
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، حکومەتی عێراق و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان وا دەبینن کە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لە هەرێمی کوردستان و چاودێریکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی عێراقە و تۆم باراک داوایکردووە کە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دادپەروەریی هەبێت.
پێوەندیی نێوان سەقامگیری و جۆری پێوەندییەکان
سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ئاماژەی بەوە کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی عێراق وەک بەشێکی گرنگی سەقامگیریی دەوڵەت و عێراق بە گشتی لە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەڕوانن.
کاریگەریی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان لەسەر بەغداد
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ ڕوونیشیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هەرچەندە سەقامگیری و گونجاندن هەبێت لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی دەبێت لەسەر جۆری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند.
پەیڕەوکردنی دەستوور و یاساکان
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵ و نیوێک زیاتر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە سەرپێچیکردن لە دەستووری عێراق ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە "لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش یەک دەستوور هەیە و هەمووان پابەندن پێوەی و یاساکانیش بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان وەک یەک پەیڕەو دەکرێن".
ناوەڕۆکی سەردانەکەی نوێنەری ئەمریکا
زوبەیدی جەختی کردەوە کە تەنانەت تۆم باراک، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە سەردانەکەی ئەمدواییەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەم بابەتەی لەگەڵ عەلی زەیدی و مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی کورد باس کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەت کردووەتەوە.
داوای تۆم باراک بۆ جۆری پێکهێنانی حکومەت
زوبەیدی لەبارەی جۆری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، تۆم باراک داوایکردووە کە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دادپەروەریی هەبێت و حکومەتێکی بنکەفراوان بێت و هەموو لایەنەکان پێی ڕازی بن.
هەوڵەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ چاودێریکردنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی حکومەتی عێراق دەزانێت و دەشڵێت، لەو بارەیەوە لە پەیوەندیکردن بە سەرکردەکانی کوردەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین.
دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دواکەوتنی پرۆسەکە
سەلام زوبەیدی، دەشڵێت، دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و وێنەیەکی خراپ لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا