هەموو لایەنەکان سوورن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان
بەردەوامیی گرێکوێرەی پەرلەمان
نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێکوێرەی کاراکردنەوەی ئەو دامەزراوە تەشریعییە نەکراوەتەوە.
فشارە نێودەوڵەتییەکان و هەڵوێستی سەرکردەکان
لەگەڵ چڕبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسیی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەپێویستی دەزانن کۆتایی بەو چەقبەستووییە بهێنرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە.
ناکۆکییەکانی دوای هەڵبژاردنی 2024
ڕۆژی 20ـی 10ـی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەبوونی لێکگەیشتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهاتەی حکومەتی نوێ، نەتوانراوە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.
پەککەوتنی پرۆژەیاساکان و ژیانی هاونیشتمانیان
بەهۆی پەکخستن و کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دەیان پرۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا کە پەیوەندیی ڕاستەخۆیان بە ژیانی هاونیشتمانییەوە هەیە، پەکیان کەوتووە.
دەستپێشخەریی یەکگرتووی ئیسلامی
پێشتریش سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتوو دەستپێشخەرییەکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خستە بەردەم لایەنەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی لێدواندا ماوەتەوە.
خاڵی سەرەکیی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی
ئێستا خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتە؛ یەکێتی بەهۆی هاوسەنگیی کورسییەکانەوە (39 بە 39) داوای نیوەی حکومەت دەکات، بەڵام پارتی تاوەکو ئێستا بەو داواکارییە ڕازی نەبووە.
پەیامی ڕوونی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی هەردوو حیزب کردووە، کە دابەشبوونی زیاتری ناوخۆیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغداد لاواز دەکات. جەختیش دەکەنەوە کە نابێت ململانێی حیزبی ببێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان و دواکەوتنی چاکسازییە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا