پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە نوێیەکان لە وڵاتانی جیهان و بەراوردکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان
لە سەرەتای ساڵی 2025 تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیران، زیاتر لە 100 وڵات لە سەرانسەری جیهاندا هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە و بە دەیان حکومەتی نوێ و کابینەی نوێ پێکهێنراون. 70 بۆ 80 وڵات لە ماوەی ساڵی 2025دا هەڵبژاردنی گشتییان ئەنجام داوە و زیاتر لە 40 وڵاتی دیکەش تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2026 هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە.
ئیدارە نوێیەکان لە وڵاتە زلهێزەکان
زۆرێک لەم گۆڕانکارییانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ئیدارەی تەواو نوێ، وەک گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئەڵمانیا، کەنەدا و ئوسترالیا. بەشێک لە دیارترین ئەو وڵاتانە، کە لە ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێیان پێکهێناوە و کابینەی نوێیان دەستیان بەکار کردووە، وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و ژاپۆنی تێدایە.
پێکهێنانی کابینەی نوێی بە هەڵواسراوی
پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە وڵاتانی سەرانسەری جیهان لەکاتێکدایە کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و 7 مانگ، بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.
پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا
ئەمریکا: دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 5ـی مانگی تشرینی دووەمی 2024 و هەڵبژاردنەوەی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، کابینە نوێکەی لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە دەستبەکار بووە.
ئەڵمانیا: لە ئەڵمانیا دوای دانوستانێکی چڕوپڕ، حکومەتێکی هاوپەیمانیی نوێ لە 6ـی ئایاری 2025 بە فەرمی و بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، دەستی بەکار کرد، کە ئەم ئیدارەیە بە تەواوی سیاسەتی حکومەتی پێشووی گۆڕی.
فەڕەنسا: دوای ئاڵۆزییەکی سیاسیی توند و داڕمانی ئیدارەی پێشوو لەژێر سەرۆکایەتیی فرانسوا بایرو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، وەزیری پێشووی بەرگری، سباستیان لێکۆرنوی وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشان کرد و لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 کابینەی نوێی فەڕەنسا دەستبەکار بوو.
گۆڕانکارییە مێژووییەکانی ژاپۆن و کەنەدا
ژاپۆن: ئەمساڵ ژاپۆن هەنگاوێکی جیاوازی نا لە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە 18ـی شوباتی 2026 و سانای تاکیاچی بووە یەکەم ژن لە مێژووی ژاپۆن کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بگرێتە دەست و ئێستا سەرۆکایەتیی کابینەیەکی توندڕەوی پارێزگار دەکات.
کەنەدا: کەنەدا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە سەرکردایەتیدا بەخۆیەوە بینیوە؛ حکومەتێکی نوێ لە 14ـی ئازاری ساڵی ڕابردوو، بە سەرۆکایەتیی مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی ئێستا، دەسەڵاتی گرتە دەست. کارنی حکومەتەکە بە "حکومەتی نوێی کەنەدا" ناودەبات و کابینەکەی دەستبەجێ سەرنجی خستە سەر سەربەخۆیی ئابووری و سیاسەتە داراییەکان.
دۆخی پێکهێنانی حکومەت لە لوبنان و عێراق
لوبنان: وڵاتی لوبنان، وڵاتی قەیرانەکان و لەمپەری سەرەکیی بەردەم دانوستانەکانی واشنتن و تاران، لە 8ـی شوباتی 2025 کابینەیەکی نوێ بە سەرۆکایەتیی نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، پێکهێنرا. پێش ئەوەی حکومەتی نوێ پێک بێت، لوبنان بۆ ماوەی 2 ساڵ و 9 مانگ لە دۆخێکی ئیفلیجبوونی سیاسیی قورسدا گیری خواردبوو و لەلایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەرەوە بەڕێوە دەبرا.
عێراق: پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکهێنرا و عەلی زەیدی، بازرگانێکی دەوڵەمەند کە هیچ ئەزموونێکی پێشووی سیاسیی نییە و بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە فەرمی لە 16ـی ئایاری 2026 دەستی بەکار کرد.
کابینە نوێیەکانی تایلەند، بەلجیکا و ئوسترالیا
تایلەند: تایلەند بە سەرکەوتوویی لە نیسانی 2026دا کابینەیەکی جێبەجێکاری نوێی پێکهێنا و دەستبەکار بوو. ئەم حکومەتە نوێیەی تایلەند بە سەرۆکایەتیی ئانوتین چانڤیراکون، سەرۆکوەزیران، بە تەواوی سەرنجی لەسەر جێگیریی ئابوورییە.
بەلجیکا: حکومەتی نوێی بەلجیکا پاش 8 مانگ لە گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان، لە 3ـی شوباتی 2025 پێکهێنرا کە ئێستا لەلایەن بارت دی ویڤەر، سەرۆکوەزیرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
ئوسترالیا: ئوسترالییەکان لە 3ـی ئایاری 2025دا بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و پارتی کرێکاران کە لە دەسەڵاتدا بوو، بە سەرۆکایەتیی ئەنتۆنی ئالبانیزی، سەرکەوتنێکی مێژوویی بەدەست هێنا. بە فەرمی حکومەتی نوێی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی ئەنتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، لە 13ـی ئایاری 2025دا دەستبەکار بوو.
4 کاتژمێر پێش ئێستا