کۆمەڵەی کاری دارایی عێراق بۆ لیستى خۆڵەمێشى زیاد دەکات

شۆڕش محەمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
بڕێکی زۆر لە دینار و دۆلاری عێراقی کە لە لایەن لیژنەی نەزاهەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئامادەکراوە بۆ سپیکردنەوە
بڕێکی زۆر لە دینار و دۆلاری عێراقی کە لە لایەن لیژنەی نەزاهەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئامادەکراوە بۆ سپیکردنەوە

کۆمەڵەی کاری دارایی کە ئەرکی نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی داراییە بۆ تیرۆر، ڕۆژی هەینی لە کۆتایی کۆبوونەوەی خۆیدا لە پاریس، لادانی جەزائیر و نامیبیای لە (لیستی خۆڵەمێش)ـی ئەو وڵاتانەی کە لەژێر چاودێرییەکی توونددان لابرد و لە بەرامبەردا عێراق و بۆسنە و هەرزەگۆڤینی بۆ لیستەکە زیاد کرد.

سێ وڵاتیش لە لیستی ڕەش ماونەتەوە

سێ وڵاتیش لەسەر (لیستی ڕەش)ـی کۆمەڵەکە مانەوە، کە تایبەتە بەو وڵاتانەی مەترسیی گەورەیان هەیە و داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنیان لێدەکرێت، ئەوانیش: ئێران، کۆریای باکوور و میانمارن.

بەکارهێنانی زانیاریەی داراییەکان باشتر بکرێت

سەبارەت بە عێراق، کۆمەڵەی کاری دارایی لەو بڕوایەدایە کە حکومەتی بەغداد پێویستی بە گرتنەبەری ڕێوشوێن هەیە بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئەو مەترسییانەی پەیوەندییان بە پارەی کاشەوە هەیە لەگەڵ زیادکردنی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، داوایکردووە عێراق بەکارهێنانی زانیارییە داراییەکان باشتر بکات.

ئاماژەی سیاسی بەهێز لە لایەن عێراقەوە

بەگوێرەی کۆمەڵەکە، ئەم هەفتەیە ئاماژەی سیاسی بەهێز لەلایەن عێراق و بۆسنە و هەرزەگۆڤینەوە گەیشتووە کە بۆ لیستەکە زیادکراون، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەوان پێداگرن لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکارییە پێویستەکان.

لیستی خۆڵەمێشی چییە

لیستی خۆڵەمێشـی پۆڵێنکردنێکە لەلایەن کۆمەڵەی کاری داراییـەوە دادەنرێت بۆ ئەو وڵاتانەی کە کەموکوڕییان هەیە لە سیستمە چاودێرییەکانیاندا تایبەت بە سپیکردنەوەى پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆر و بەگوێرەى ئەم پۆلێنکردنە، ئەم وڵاتانە دەخرێنە ژێر پڕۆسەی چاودێریی چڕ بۆ چاککردنی ئەو کەموکوڕییانە لەماوەیەکى دیاریکراودا.

ئەم پۆلێنکردنە بریتى نییە لە سزایەک یان بایکۆتێکی دارایی نێودەوڵەتی، بەڵکو ئامرازێکی هۆشیارکەرەوە و چاودێرییە کە ئامانجی یارمەتیدانی وڵاتانە بۆ پاراستنی سیستمە ئابوورییەکانیان.

شۆڕش محەمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا