عێراقچی بە تووندی وەڵامی بن غەفیر دەداتەوە

بەهزاد ئەحمەد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی ئیتمار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەداتەوە و بە کەسێکی شەڕەنگێز ناوی دەبات، ئەمەش دوای ئەوە هات کە وەزیرە ئیسرائیلییەکە داوایکرد، سوپای وڵاتەکەی لوبنان بسووتێنێت.

  "نابێت قسەکانی بن غەفیر بەهەند وەرنەگیرێت"

 عێراقچی لە تۆڕی  ئێکس دەڵێت: "نابێت قسەکانی بن غەفیر بەهەند وەرنەگیرێت" دەڵێت، ئەمانە تەنیا چەند قسەیەکی هەڕەمەکیی کەسێکی شێت نین کە تاوانبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، بەڵکو ڕاگەیێنراوی فەرمیی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ڕژێمی ئیسرائیلە".

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت، " گرووپی کۆمەڵکوژی کە بارەگاکەیان لە تەلئەڤیڤە، مەترسین بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی و تەنیا بەرژەوەندییان لە جەنگی بەردەوامدایە".

لێدوانە توندەکانی بن غەفیر لەسەر لوبنان

ئەم کاردانەوەیەی عێراقچی دوای ئەوە هات، بن غەفیر داوای لە حکومەتەکەی کرد بە تووندی وەڵامی حیزبوڵا بدەنەوە و لەناویانبەرن، ئەمەش لە کاردانەوەی کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلیدا هات لە باشووری لوبنان و داواشیکرد لە تۆڵەی کوژرانی ئەو سەربازانەدا هەموو لوبنان بسووتێنن و بەرامبەر بە فرمێسکی هەر دایکێکی ئیسرائیلی دڵی هەزاران دایکی لوبنانی بسووتێنرێت.

بن غەفیر دەڵێت: "دەبێت ئیسرائیل بە هەموو جیهان بڵێت  کە خوێنی ڕۆڵەکانی و ئاسایشی هاووڵاتییانی بۆ مامەڵەکردن نین."

بەهزاد ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا