ئێران لە پێنج ڕۆژدا 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران
یەکێک لە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران

کۆمپانیایەکی جیهانیی چاودێری وزە ئاشکرای دەکات، هەناردەی نەوتی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و داهاتێکی زۆری بۆ تاران دابین کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکان.

ئاماری هەناردە و داهاتی پێنج ڕۆژ

کۆمپانیای تانکەر تراکەرز، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییە نەوتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕایگەیاندووە لە ماوەی نێوان 14 بۆ 18ی ئەم مانگەدا، تاران 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە بەهای ئەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە گەیشتووەتە 1.44 ملیار دۆلار.

لێکتێگەیشتنەکانی تاران و واشنتن

ئەم زیادبوونەی هەناردەی نەوت لە کاتێکدایە، لە دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێراندا هاتووە، ئەمریکا بەڵێنی داوە هەموو سزاکانی سەر ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، ڕێگە بە تاران دەدرێت بەبێ ڕێگری نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی بۆ وڵاتانی جیهان هەناردە بکات.

ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی وزەی ئێران، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتەدا گەشەی کردووە. ئێستا ڕۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێراندا بەرهەم دەهێنرێت و بەشێکی زۆری ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا