سیستەمی ئەسیکۆدا و بەهای دینار؛ ئایا 100 دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ خانەی 140 هەزار؟
سەرەڕای جێگیرکردنی نرخی فەرمی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، هێشتا جیاوازیی نرخ لە بازاڕەکاندا بە بەرزی ماوەتەوە و چاوەکان لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی نوێی گومرگی و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی واشنتنە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەهای دینار.
بەردەوامیی جیاوازیی نرخ لە بازاڕ و بانکی ناوەندی
لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیر بووە و نرخی 100 دۆلار لە نێوان 150 بۆ 155 هەزار دیناردا ماوەتەوە. بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی نرخی هەر 100 دۆلارێکی بە 132 هەزار دینار جێگیر کردووە، بەڵام لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو 23 هەزار دینار جیاوازی لەگەڵ نرخی فەرمی هەیە. پرسیارەکە لای بازرگانان و هاووڵاتییان ئەوەیە ئایا دوای جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و وەرگرتنی دۆلاری فەرمی، نرخەکە بۆ خوار 150 هەزار دینار دادەبەزێت یان بەهای دینار زیاتر دەشکێت و 100 دۆلار دەگاتە 160 هەزار دینار.
هەڵوێستی حکومەت و سەردانی واشنتن
حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، تاوەکو ئێستا سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بەهای دینار هیچ لێدوانێکی فەرمی نەداوە. چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، پرسە ئابوورییەکان و پێویستیی عێراق بە هەموارکردنەوەی بەهای دینار یان پشت بەستن بە داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ چارەسەری کورتهێنانی دارایی تاوتوێ بکرێن. ڕاوێژکارێکی حکومەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ لایەنێکی ناو حکومەت باسی دەستکاریکردنی نرخی دیناریان نەکردووە، هەرچەندە پێشتر بانکە نێودەوڵەتییەکان داوای دابەزاندنی بەهای دیناریان کردبوو.
کورتهێنانی دارایی و مووچەی فەرمانبەران
بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، عێراق تووشی کورتهێنانی دارایی بووە، بە جۆرێک تەنیا لە 4 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 6 ترلیۆن و 600 ملیار دینار کورتهێنان هەبووە. ئەگەرچی دابەزاندنی بەهای دینار وەک چارەسەرێکی خێرا بۆ کورتهێنانی بودجە و دابینکردنی مووچە دەبینرێت، بەڵام مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، گرانبوونی کاڵاکان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لێ دەکەوێتەوە.
ئاستی هەڵاوسان و خواست لەسەر دۆلار
ڕێژەی هەڵاوسان لە عێراق لە مانگی نیسان 2.2% بووە و لە مانگی ئایاردا بۆ 4.3% بەرز بووەتەوە. لە بازاڕەکانیشدا خواستێکی زۆر لەسەر دۆلار هەیە، بە جۆرێک 85%ی خواستەکە لەلایەن بازرگانانەوەیە بۆ هاوردەکردنی کاڵا، و 15%ی تریش بۆ پێداویستییەکانی هاووڵاتییان وەک دانەوەی قیستی خانوو، ئۆتۆمبێل و پاشەکەوتکردن بەکار دەهێنرێت.
سیستمی ئەسیکۆدا و دۆخی بازرگانانی هەرێم
ئارام بابان، ئەندامی ژووری بازرگانی ڕایگەیاندووە کە پڕۆسەی بەشداریکردنی بازرگانانی هەرێم لە سەکۆی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندی خاوە، بۆیە بازرگانان پەنا دەبەنە بەر بازاڕی ڕەش و دۆلار بە 155 هەزار دینار حەواڵە دەکەن. لە بەرامبەردا نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێم ئاشکرای کرد، یاداشتیان بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا داوەتە بەغداد. بەپێی ڕێککەوتنەکە، بازرگانانی هەرێم پێویست ناکات بچنە بەغداد، بەڵکو دوای پێشکەشکردنی فاتوورە و بەڵگەنامەکان، هەر لە ناو هەرێمی کوردستان دۆلار بە نرخی فەرمییان پێ دەدرێت، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابەزاندنی بەهای دۆلار دەبێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا