د. سومەییە نەقشبەندی: تێکچوونی کاتی سووڕی مانگانە باوترین نیشانەی پێشوەختەی وەستانی سووڕی مانگانەیە

سەروەر سالار 2 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی خانمێک سووڕی مانگانەی تێکچووە
وێنەی خانمێک سووڕی مانگانەی تێکچووە

وەستانی سووڕی مانگانە پرۆسەیەکی سروشتییە لە ژیانی هەر خانمێکدا، بەڵام هەندێکجار نیشانەکان زووتر لە تەمەنی ئاسایی (پێش تەمەنی 40 یان 45 ساڵی) دەردەکەون. ناسینەوەی ئەم نیشانانە یارمەتیی خانمەکە دەدات باشتر مامەڵە لەگەڵ جەستەیدا بکات، د. سومەییە عەتا نەقشبەندی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، چەند زانیارییەکی زیاتر دەخاتەڕوو.

 گرنگترین نیشانە پێشوەختەکانی وەستانی سووڕی مانگانە

وەستانی پێشوەختەی سووڕی مانگانە کۆمەڵێک نیشانەی هەیە، لەوانە:

تێکچوونی کاتی سووڕی مانگانە

ئەمە یەکەمین و دیارترین نیشانەی پێشوەختەی سووڕی مانگانەیە،  کەمبوونەوەی بڕی خوێن یان پچڕ پچڕ بوون و درەنگکەوتنی سووڕی مانگانە بۆ ماوەیەکی درێژ.

گەرمداهاتنی لەناکاو

هەستکردن بە گەرمایەکی زۆر لە دەموچاو، مل و سنگدا، کە زۆربەی کات لەگەڵیدا ئارەقکردنەوە و سووربوونەوەی پێست ڕوودەدات.

تێکچوونی خەو و ئارەقکردنەوەی شەوانە

بەخەبەرهاتنی بەردەوام لە شەواندا بەهۆی گەرمداهاتن، کە دەبێتەهۆی ماندوویەتی و بێهێزی لە ڕۆژدا.

گۆڕانی باری دەروونی

هەستکردن بە دڵەڕاوکێ، زوو تووڕەبوون  یان هەستکردن بە خەمۆکی بەهۆی گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکانەوە.

وشکبوونەوەی ئەندامی مێینە

کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین دەبێتەهۆی وشکبوونەوە و هەستکردن بە ئازار لە کاتی سەرجێییدا.

تەنکبوونەوەی قژ و وشکبوونی پێست

گۆڕانکاری لە ئاستی هۆڕمۆنەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر تەندروستیی قژ و درەوشانەوەی پێست.

سەروەر سالار

2 کاتژمێر پێش ئێستا