گومرگی سلێمانی: ئەسیکۆدا لە بەرژەوەندی خەڵکە و نرخەکان تاڕادەیەکی زۆر یەکسان دەکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی وردەکاریی جێبەجێکردنی سیستمی نوێی گومرگی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی بازرگانان و هاوڵاتییاندایە و دەبێتە هۆی یەکسانبوونی نرخەکان لە بازاڕدا.
دیاریکردنی بەهای ڕاستەقینەی کاڵاکان
قادر پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی ڕایگەیاند، لە سیستمی ئەسیکۆدا ڕەسمی گومرگی کاڵاکان زیاد نەکراوە، بەڵکو تەنیا بەهای ڕاستەقینەی کاڵاکان دیاری دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر پێشتر ئۆتۆمبێلێکی 50,000 دۆلاری بە بەهای 30,000 دۆلار تۆمار کرابێت، ئێستا دەبێت بەپێی پسوڵەی کڕین و بەهای ڕاستەقینەی خۆی تۆمار بکرێت، لە کاتێکدا ڕێژەی گومرگەکە وەک خۆی لە 15% ماوەتەوە.
دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، بازرگانەکان دۆلاریان بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی پێ دەدرێت. بەوپێیەی ئەمڕۆ 20ی حوزەیران، جیاوازیی نێوان نرخی بازاڕ و نرخی فەرمی بۆ هەر 100 دۆلارێک گەیشتووەتە 23,000 دینار، پێدانی دۆلاری فەرمی بە بازرگانان ئەو جیاوازییەی بەهای کاڵاکان پڕ دەکاتەوە و باری داراییان گران ناکات.
کاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان و بازاڕ
قادر پیرۆت دووپاتی کردەوە کە لە مەودایەکی درێژدا، ئەم سیستمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر نرخەکان نابێت. بەهۆی ئەوەی بازرگانان دۆلار بە هەرزانتر وەردەگرن، دەتوانن کاڵاکان بە نرخێکی گونجاوتر بگەیەننە دەستی هاووڵاتییان. ئەمەش وادەکات پاش چەند مانگێکی دیکە و دوای سەقامگیربوونی سیستمەکە، نرخەکان لە هەموو بازاڕەکاندا تاڕادەیەکی زۆر یەکسان ببن و هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن.
ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد
سیستمی ئەسیکۆدا لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەروازە سنوورییەکانی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کراوە. لە ئێستاشدا هەولێر و بەغداد لەسەر کۆنووسی جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتوون. بڕیارە پاش ڕەزامەندیی کۆتایی ئەنجوومەنی ئابووریی حکومەتی فیدراڵی، سیستمەکە لە تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا