نیوەی حکومەت یان زۆرینەی کورسی؟ کێشەی سەرەکیی نێوان پارتی و یەکێتی چییە؟
سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان بووەتە ڕێگر لەبەردەم دەستبەکاربوونی دامەزراوەی تەشریعی.
پەککەوتنی پەرلەمان و پڕۆژەیاساکان
نزیکەی 2 ساڵ بەسەر وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێکوێرەی کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە نەکراوەتەوە. بەهۆی ئەم پەککەوتنەوە، دەیان پڕۆژەیاسا و پێشنیازەیاسا کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاونیشتمانییانەوە هەیە دواکەوتوون. لەگەڵ چڕبوونەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان، هەریەک لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت لە هەنگاوی یەکەمدا پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان
لە دوای هەڵبژاردنی 20ـی 10ـی 2024، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهاتەی حکومەتی نوێ قووڵتر بووەتەوە. ئێستا خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتە؛ یەکێتی بەهۆی هاوسەنگیی کورسییەکانەوە (39 بە 39) داوای نیوەی حکومەت دەکات، بەڵام پارتی تاوەکو ئێستا بەو داواکارییە ڕازی نەبووە.
دەستپێشخەرییە ناوخۆییەکان
بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێشتر سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی، دەستپێشخەرییەکی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان خستە بەردەم لایەنەکان. ئەگەرچی دەستپێشخەرییەکە وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی چەقبەستووییە سیاسییەکە بینرا، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا لە چوارچێوەی لێدواندا ماوەتەوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
فشاری کونسوڵخانەکان و پێگەی هەرێم
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان پەیامێکی ڕوونیان ئاراستەی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار کردووە، کە دابەشبوونی ناوخۆیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغداد لاواز دەکات. وڵاتانی بیانی هۆشداری دەدەن کە نابێت ململانێی حیزبی ببێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان و دواکەوتنی چاکسازییە سەربازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا