تامی نانی بەیانی لە سەرچنار جیاوازە؛ بزانە هاونیشتمانیان چی دەڵێن؟
سەیرانگەی سەرچنار لە شاری سلێمانی جارێکی دیکە بووەتەوە بە چەقی کۆبوونەوەی خێزانەکان، بەجۆرێک لە ڕۆژانی پشوودا نانی بەیانی لە ناو سروشتدا بووەتە نەریتێکی هەفتانەی هاونیشتمانییان.
نەریتی نانی بەیانی لە ناو سروشتدا
لە ڕۆژانی هەینی و شەممەدا، کە پشووی فەرمین، لە بەرەبەیانەوە هاونیشتمانییان و گەشتیاران ڕوو لە سەیرانگەی سەرچنار دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانیکردنە خواردنی ژەمی بەیانییە لە ناو کەشوهەوای فێنکی سەیرانگەکەدا، ئەمەش ئێستا بووەتە نەریتێکی جێگیر لای بەشێکی زۆری خێزانەکانی شارەکە.
بەردەوامیی جموجۆڵ لە بەرەبەیانەوە تا ئێوارە
بەگوێرەی گێڕانەوەی هاونیشتمانییان، دۆخی سەرچنار گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمە باشەکانی پێشوو. قەرەباڵغی و جموجۆڵی خێزانەکان لە بەرەبەیانەوە دەستپێدەکات و تاوەکو درەنگوەختی ڕۆژ بەردەوام دەبێت. فێنکیی کەشوهەواکە و ئاوێزانبوونی سروشت لەگەڵ گەشت و سەیران، وایکردووە ئەم شوێنە ببێتە هەڵبژاردەی یەکەمی خەڵک لە 2 ڕۆژی پشووی هەفتەدا.
ڕای هاونیشتمانییان لەسەر کەشی سەیرانگەکە
ڕەوشت عەبدوڵا، نیگا بایز و نەوزاد تۆفیق وەک هاونیشتمانیی شارەکە ئاماژە بەوە دەکەن، چێژی خواردنی نانی بەیانی لە ناو ئەم فێنکاییەدا جیاوازە. ئەوان دەڵێن ئێستا سروشتی سەرچنار هاوشێوەی جاران بووەتەوە و لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە، ناوچەکە پڕە لەو خێزانانەی بۆ حەسانەوە و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی تێدەکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا