25 ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ تاران؛ ئایا نرخی تومەن بەرز دەبێتەوە؟
تاران و واشنتن لەسەر میکانیزمی ئازادکردنی بەشێک لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بڕیارە ئەو بڕە پارەیە بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان و بوژاندنەوەی ژێرخان بەکاربهێنرێت.
ئازادکردنی قۆناغ بە قۆناغی داراییەکان
جەعفەر قائیم پەنا، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، بەپێی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا، پرۆسەی گەڕاندنەوەی 25 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەستیپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆسەیە بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت.
بوارەکانی بەکارهێنانی پارە ئازادکراوەکان
بەگوتەی جێگری سەرۆککۆمار، ئەم بڕە پارەیە وەک سەرچاوەیەکی دارایی گرنگ بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانە سەرەکییەکانی وڵات بەکاردەهێنرێت. ئامانجی سەرەکیی حکومەت لەم هەنگاوە، کەمکردنەوەی ئەو فشارە داراییانەیە کە بەهۆی سزاکانەوە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییانی ئێران و باشترکردنی دۆخی ئابووریی وڵاتە.
ڕۆڵی قەتەر و بەدواداچوونی ورد
قائیم پەنا ئاشکرای کرد کە سەردانەکەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ وڵاتی قەتەر، تایبەت بووە بە بەدواداچوون بۆ میکانیزم و شێوازی گواستنەوەی پارەکان. جەختیشی کردەوە کە نەهێشتنی سێبەری شەڕ لە ناوچەکەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتربوونی دۆخی بژێویی خەڵک دەبێت.
کۆی گشتیی پارە بلۆککراوەکانی تاران
گەڕاندنەوەی ئەم 25 ملیار دۆلارە لە کاتێکدایە کە کۆی گشتیی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکە جیاوازەکانی جیهان بەهۆی سزاکانەوە بە نزیکەی 100 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. ئەم بڕە پارەیەی ئێستا وەک بەشێک لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێی نێوان تاران و واشنتن، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا