خولی شەشەمی فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید دەستپێدەکات

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێکەوتی 21ی حوزەیران خولی شەشەمی فێستیڤاڵی چەمچەماڵ بۆ فیلمی جینۆساید دەستپێدەکات و بەنزیکەی 50 فیلم هەڵبژێردراون.

بەنزیکەی 50 فیلم هەڵبژێردراون

ئەمساڵ، بۆ خولی شەشەم، 63 فیلم لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا، ئەرمینیا و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پێشکەشی فێستیڤاڵەکە کرابوون، پاش بینین و هەڵبژاردن، لیژنەی ئەمساڵ، کە پێکهاتوون لە: دانا محەممەد عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنە، ڕۆژە حەسەن ساڵەح و ڕزگار زاهیر محەممەد وەکو ئەندام، بڕیاریان دا، تەنیا 44 فیلم وەکو فیلمی بژاردە دەستنیشان بکەن و لە میانی فێستیڤاڵەکەدا نمایش بکرێن.

فیلمەکان بەسەر دوو تەوەردا دابەشکراون، کە بریتین لە تەوەری سەرەکی (26) فیلم و تەوەری کۆرناڵ (18) فیلم.

دوو گرووپی موزیکی بەشدار دەبن

وەکو لە خشتەی کار و چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، گرووپە موزیکییەکانی چەمچەماڵ و حەبیبە، بەشدار دەبن لە چالاکییە هونەرییەکاندا؛ گرووپی حەبیبە لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا بە بەشداریی دانا موتیع جەباری و ڕێڤین ئاراس موزیک پێشکەش دەکەن، گرووپی موزیکیی چەمچەماڵیش، لە چالاکییەکانی کۆتاییدا بە بەشداریی کەریم قادر بەرهەمەکانیان پێشکەش دەکەن.

هاوکات لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکاندا، کتێبێکی تایبەت بە فێستیڤاڵەکە چاپدەکرێت.

چەند ڕۆژ بەردەوام دەبێت

لە یەکەم ڕۆژیدا، کاتژمێر پێنج و نیوی ئێوارە، لە هۆڵی مۆنیۆمێنتی ئەنفال فێستیڤاڵەکە دەستپێدەکات و بڕیارە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بێت، 23ی حوزەیران کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەیە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا