وەزارەتى نەوت بۆ کەناڵ8: سوپاسالارى عێراق ڕاسپێردراوە گرەنتیى ئەمنى بداتە کۆمپانیا نەوتییەکانى هەرێم

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
تەلاری وەزارەتی نەوتی عێراق
تەلاری وەزارەتی نەوتی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی دەریاوە دەستپێکردووە و هاوکات سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕاسپاردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان.

گرەنتی ئەمنی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان

سەلیم ڕکابى، گوتەبێژى وەزارەتى نەوتى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، بۆ پێدانى گرەنتیى ئەمنى بە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان کاردەکەن، کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیرانى نەوت و سامانە سروشتییەکان و نوێنەرانى کۆمپانیاکان بەڕێوەچووە. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک ئەرکانى سوپاى عێراق بۆ دۆسییەکە ڕاسپێردراوە و بە مەبەستی بەدواداچوون سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە.

ئاستی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە

گوتەبێژى وەزارەتى نەوت ئاماژەى بەوە کرد، هەناردەکردنى نەوت لە ڕێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە لە دۆخێکی جێگیردا نییە. بەپێی ئامارەکان، ئێستا ڕۆژانە بڕى هەناردەکراو لەو ڕێگەیەوە لە دەوروبەرى 200,000 بەرمیل نەوتدایە.

چاودێریکردنی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی دەریاوە، سەلیم ڕکابى ڕایگەیاند کە کۆمپانیاى سۆمۆ بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە بەردەوامى چاودێریى بوارى دەریایی و جووڵەى کەشتییەکان لە گەرووى هوورمز دەکات. ڕوونیشیکردەوە کە بە ئاساییبوونەوەى تەواوەتیی دەریاوانى، ڕێکارەکانى بارکردنى کەشتییەکان بە نەوتى خاوى عێراق تەواو دەکرێن.

سەرنج خستنە سەر کێڵگە گازییەکان

وەزارەتی نەوت جەخت دەکاتەوە کە وادەى ئاساییبوونەوەى بەرهەمی نەوت لە کێڵگەیەکەوە بۆ کێڵگەیەکى دیکە جیاوازە. ڕکابى ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا وەزارەت سەرنجى سەرەکیى لەسەر ئەو کێڵگانەیە کە گازى سروشتى هاوەڵیان هەیە، تاوەکو بتوانرێت سوود لە گازەکە ببرێت بۆ پێداویستییەکانی ناوخۆ و وێستگەکانی وزە.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا