عێراق و فەڕەنسا پەرە بە کارى هاوبەشی هەواڵگری دەدەن

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی فەریق ڕوکن قەیس مەحمێداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەگەڵ میشێل دیلبیت، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسا لە عێراق
کۆبوونەوەی فەریق ڕوکن قەیس مەحمێداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەگەڵ میشێل دیلبیت، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسا لە عێراق

بەغداد و پاریس هەنگاوەکانیان بۆ پەرەپێدانی توانای سەربازی و هەواڵگری چڕ دەکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق خۆی بۆ قۆناغی دوای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئامادە دەکات.

کۆبوونەوەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و فەڕەنسا

فەریق ڕوکن قەیس مەحمێداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لەگەڵ میشێل دیلبیت، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەڕەنسا لە عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەبارەی هەماهەنگی و پەرەپێدانی کاری هاوبەش لە بواری ڕاهێنانی سەربازی و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی گرووپی داعش.

کاراکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمنی

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، هەردوولا باسیان لە کاراکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و فەڕەنسا کردووە. تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە هاوکاری لە بواری زانیاریی هەواڵگری، گەشەپێدانی توانا ئەمنییەکانی عێراق بەگوێرەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان، و بەردەوامبوون لە ڕاوەدوونانی چەکدارانی داعش.

پابەندیی پاریس بە هاوبەشییە ستراتیژییەکان

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، جەنەڕاڵە فەڕەنسییەکە جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پابەندە بە بەردەوامیی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ عێراق. فەڕەنسا وەک یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەیەوێت لە ڕێگەی ڕاهێنان و ڕاوێژکارییەوە بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

قۆناغی دوای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق کۆتایی بێت. بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ دووپاتیان کردووەتەوە کە دوای ئەو وادەیە، پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە ڕێک دەخرێنەوە و دەبنە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان دەوڵەتان، بەبێ ئەوەی بوونی سەربازیی هەمیشەیی لە عێراقدا هەبێت.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا