شارەزایەک بۆ کەناڵ8: عێراق لە ناوچەکانی ماددەی 140 دەستی بە لێدانی بیری نەوتی نوێ کردووە
وەزارەتی نەوتی عێراق دوای زیاتر لە 45 ساڵ، دەستی بە لێدانی بیری نوێ لە کێڵگەی حەمرین کردووە، شارەزایەکی نەوتیش دەڵێت ئەو ناوچانە دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـی دەستوورەوە.
لێدانی یەکەم بیری نەوتی نوێ لە دوای ساڵی 1978
باسم محەممەد، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تیمەکانیان دەستیان کردووە بە لێدانی بیرێکی نوێی نەوتی لەناو شارۆچکەی ئامرلی لە پارێزگای سەڵاحەدین. وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمە یەکەم بیرە لەو جۆرە لە پارێزگاکانی باکوور کە لە دوای ساڵی 1978ـەوە دەدۆزرێتەوە و کار بۆ دەرهێنانی نەوتەکەی دەکرێت.
هەڵکەوتەی جوگرافیی کێڵگەکە و ماددەی 140
سیروان مستەفا، شارەزای نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور ڕایگەیاند، لێدانی ئەو بیرە نوێیە لە ناو سنووری ناوچەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقدایە و دەقعەتە ناو کێڵگەی حەمرین. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد سێ کێڵگەی نەوتیی گرنگ لەو ناوچەیەدا هەن کە بریتین لە عەجیل، عەلاس و حەمرین، کە بە خاکی هەرێمی کوردستان دادەنرێن و ئێستا نزیکەی 80 بیری نەوتیان تێدایە.
دابڕانی کێڵگەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور
بەپێی زانیارییەکانی ئەو شارەزایەی نەوت، حکومەتی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەرهێناوە. لە جیاتی ئەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێی بۆ دروست کردوون بە ناوی "کێڵگەکانی پارێزگای سەڵاحەدین"، لە کاتێکدا ئەو ناوچانە وەک ناوچەی کوردستانی پۆلێن دەکرێن.
ئاستی ئێستا و ئامانجە داهاتووەکانی وەزارەت
لە ئێستادا ڕۆژانە نزیکەی 40 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەو سێ کێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت. وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی هەیە لە داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە زیاد بکات. سیروان مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو کە لە هەندێک شوێنی ئەو کێڵگانەدا، تەنیا بە لێدانی 580 مەتر بیر، گەیشتوونەتە نەوتی خاو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا