ئاڵوگۆڕ بە دوو پۆستی باڵای ئەمنیی عێراق کرا؛ قاسم ئەعرەجی دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران
بە سەرپەرشتیی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاڵوگۆڕی بەرفراوان لە پۆستەکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرا و چەند بەرپرسێکی نوێ بۆ ئەو شوێنانە دەستنیشان کران.
دیاریکردنی ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی
لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، قاسم حەسەن عەبوودی جێگەی قاسم ئەعرەجی گرتەوە. زەیدی ستایشی ڕۆڵی ئەعرەجی کردووە لەو ماوەیەی لە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کاری کردووە و ڕایگەیاندووە، پێویستە چاودێریی دۆسیە ئەمنییە ستراتیژییەکان بکرێت و بڕیاری ئەمنیی عێراق سەربەخۆ بێت.
گۆڕانکاری لە هەژمارە تایبەتەکانی ئەعرەجی
هاوکات دوای ئەو ئاڵوگۆڕە، قاسم ئەعرەجی کەڤەری پەیجەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک گۆڕی و بەگوێرەی ئەو کەڤەرە، پۆستێکی نوێی وەرگرتووە.
ناونیشانی پۆستە نوێیەکەی ئەعرەجی
ئەعرەجی لەسەر کەڤەری فەیسبووکەکەی نووسیویەتی: ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ ئاسایش.
گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتیی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
هەر ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کرا و باسم بەدری وەک سەرۆکی دەزگاکە لە شوێنی عەبدولفازڵ حسێن بەسڕی دەستبەکار بوو.
3 کاتژمێر پێش ئێستا