ئيسرائيل: هێرشەکانی ئەمڕۆ لە وەڵامی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی حيزبوڵادا بووە

رۆزا حیسام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. فۆتۆ: AFP
دیمەنی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. فۆتۆ: AFP

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشەکانی ئەم بەیانییەی سەر باشووری لوبنان لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی ڕابردووی حیزبوڵادا بووە کە تێیدا زیاتر لە 50 مووشەک ئاڕاستەی هێزەکانیان کراوە؛ لە بەرامبەردا پەرلەمانتارێکی حیزبوڵا جەخت دەکاتەوە کە مافی تەواوی خۆیانە ڕووبەڕووی هەر پێشڕەوییەکی ئیسرائیل ببنەوە و ئاگربەست بە مانای قبووڵکردنی داگیرکاری نییە.

هێرشەکانی ئەم بەیانییەی ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەم بەیانییەی سەر باشووری لوبنان لە وەڵامی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی حیزبوڵادا بووە بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دوێنێ تەلئەڤیڤ پابەندبوونی خۆی بۆ ئاگربەست دووپاتکردەوە.

ئاماری هێرشە مووشەکییەکانی حیزبوڵا

بەرپرسێکی سەربازیی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، شەوی ڕابردوو حیزبوڵا زیاتر لە 50 مووشەکی ئاڕاستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە لە باشووری لوبنان، دوابەدوای ئەو هێرشانە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجە تیرۆریستییەکانی حیزبوڵا.

هەڵوێستی حیزبوڵا لەسەر دانوستانەکان

هاوکات، حەسەن فەزلەڵا، پەرلەمانتاری حیزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە، حیزبوڵا مافی تەواوی هەیە ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل ببێتەوە، لە ئێستادا کە دانوستانی ئاگربەست هەیە، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، ئەوەیە دوژمن بەتەواوی ڕێز لە ئاگربەست بگرێت و هەوڵ نەدات هێرش بکاتە سەر وڵاتەکە و گوند و ناوچەکانی و شوێنی نوێ داگیر نەکات.

بەرپەرچدانەوەی پێشڕەوییەکان

جەختیشی کردەوە، هەرکاتێک ئیسرائیل هەوڵی پێشڕەویکردن بدات لە هەر شوێنێکدا بێت ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئاگربەست بەو مانایە نییە کە داگیرکاری لە خاکەکەیاندا بکرێت.

رۆزا حیسام

3 کاتژمێر پێش ئێستا