هەواڵگریی ئەمریکا: دەشێت نەتانیاهوو هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران تێکبدات

شێوە عومەر 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP
بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردووەتەوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەشێت هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران تێک بدات.

مەرجەکانی ئێران بۆ ئاشتی

یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و بەرقەراربوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل وا دەردەکەوێت سوور بێت لەسەر بەردەوامبوون لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حیزبوڵا.

ناکۆکی لەنێوان ئیسرائیل و ئیدارەی ترەمپ

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان لەکاتێکدایە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان حکومەتەکەی نەتانیاهوو و ئیدارەی ترەمپ، کە بە ئاشکرا ئیسرائیلیان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی دەکرێت هێرشکردنە سەر حیزبوڵا هەوڵەکانی ترەمپ بۆ بەدیهێنانی ئاشتی هەڵبووەشێنێتەوە.

مەترسی بۆ سەر یاداشتی لێکگەیشتنی ئەمریکا و ئێران

بەردەوامبوونی ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان بەتەنیا نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو یاداشتی لێکگەیشتنەی ئەمریکا و ئێران ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو واژۆیان کرد، بەڵکو دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندیی نەتانیاهوو لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کە پاڵپشتێکی بەهێزی سیاسی بووە.

پەیوەندیی نێوان شەڕی لوبنان و داهاتووی سیاسیی نەتانیاهوو

ئەفسەرێکی ئەمریکیی ئاگادار لە ڕاپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ئەمریکا بە واشنتن پۆستی ڕاگەیاندووە، ڕاپۆرتەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی مانەوەی سیاسیی نەتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی ئەم پایزەدا، بەستراوەتەوە بە بەردەوامیدان بە شەڕکردن لەگەڵ حیزبوڵا.

کشانەوە لە لوبنان وەک شکستی نەتانیاهوو هەژمار دەکرێت

ڕاپۆرتەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، ڕاگرتنی شەڕ یان کشانەوە لە لوبنان، لە ئیسرائیل وەکو شکستهێنانی نەتانیاهوو سەیر دەکرێت.

ناڕەزایەتییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە

ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا باسیشی لە ناڕەزایەتیی ئیسرائیل کردووە لە خاڵەکانی یاداشتنامەی ئاشتیی ترەمپ، کە ئامانجە سنوورییەکانی لاواز دەکات بۆ هێشتنەوەی زۆرترین فشار لەسەر تاران.

کاریگەریی ڕێککەوتنەکە لەسەر توانای سەربازیی ئیسرائیل

هەرچەندە بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکەنەوە کە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە ڕێگری لە ئیسرائیل ناکەن لە تۆڵەسەندنەوە لە حیزبوڵا ئەگەر هێرشی بکاتە سەر، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئیسرائیل بۆچوونی وایە ڕێککەوتنەکە لەوانەیە توانای بەرگریکردنی لە دژی حیزبوڵا سنووردار بکات.

سووربوونی نەتانیاهوو لەسەر بەردەوامیی هێرشەکان

تەنانەت دوای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، نەتانیاهوو و هاوپەیمانەکانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێزەکانیان لە باشووری لوبنان ناکشێننەوە و بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هێرشەکان، تەنانەت ئەگەر ئەم هەنگاوە ترەمپ-یش تووڕە بکات.

شێوە عومەر

3 کاتژمێر پێش ئێستا