ترەمپ هێرش دەکاتە سەر دیموکراتەکان و سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە ئێران بە سەرکەوتوو دەزانێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ئیدارەی پێشووی وڵاتەکەی و ڕکابەرە دیموکراتەکانی، بەوەی هەست بە قەبارەی ئەو سەرکەوتنە ناکەن کە بەرامبەر بە تاران بەدەستهاتووە؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بە هاتنی ئەو بۆ دەسەڵات هەموو شتێک گۆڕاوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە جیهان چاوی لە چارەنووسی لێکگەیشتنەکەی نێوان واشنتن و تارانە.
ڕەخنە لە ئیدارەی پێشوو
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ڕکابەرە سیاسییەکانی لە دیموکراتەکان و ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، سیاسەتەکەی بەرامبەر بە ئێران بە سەرکەوتوو ناودەبات و دەڵێت، لەڕووی سەربازییەوە ئەو وڵاتەی تێکشکاندووە.
"قەبارەی سەرکەوتن بەسەر ئێراندا نابینن"
ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ، ڕەخنەی تووندی لە سیاسەتی دیموکراتەکان گرتووە، تۆمەتباریان دەکات بەوەی هەست بە قەبارەی ئەو سەرکەوتنە ناکەن کە بەرامبەر تاران بەدەستی هێناوە.
ڕەخنەگرتن لە ئۆباما
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، ئۆباما چەندین ملیار دۆلاری بە کاش داوەتە ئێران، هیچکاتێک سوپاکەمانی بەکار نەهێناوە بۆ کپکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئێران، کە یەکەم سپۆنسەری تیرۆرە لە جیهاندا.
بەراوردکاری لەگەڵ بایدن
ترەمپ باس لەوە دەکات، ئێرانییەکان وایان دەزانی وەک جۆ بایدنی خەواڵووم، سەرکردەیەکی لاواز و ناچالاک، لەوەدا 100% ڕاستییان دەکرد، ئێران بۆ ماوەی 47 ساڵ دەربازی بووە لەو کوشتنانەی ئەنجامی داوە، تاوەکو ئەو کاتەی من هاتمە دەسەڵات، ئیدی هەموو شتێک گۆڕا، ئەمریکا گەڕایەوە.
چارەنووسی لێکگەیشتنەکان
ئەم قسانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، جیهان چاوی لە ئاڕاستەی ئەو لێکگەیشتنەیە کە ئەمریکا و ئێران واژۆیان کردووە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەی لوبنان و گەرووی هوورمز بە مەترسی دەزانرێت لەسەر چارەنووسی ئەو لێکگەیشتنە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا