ئاماری 15 هەفتە جەنگ؛ تێچووی ملیاران دۆلار و قوربانیی هەزاران کەس لە ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنی بۆردومانێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. فۆتۆ: AFP
دیمەنی بۆردومانێکی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران. فۆتۆ: AFP

لە ئەنجامی 15 هەفتە جەنگدا، زیانی ملیاران دۆلار لە ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل کەوت؛ جیاواز لە هەر جەنگێکی پێش خۆی، ئەوەی لەمەی ئێران و ئەمریکا بینیمان، ماوەکەی کورت بوو، بەڵام زیانی زۆری لێکەوتەوە، کە جاران وا نەبوو؛ چەندێک جەنگ زۆری بخایەندایە، ئینجا زیانی زۆرتر دەبوو. لەم جەنگەی بینیمان، جگە لە زیانی دارایی، زیانی گیانیش هەبوو، کە هەندێک لەو قوربانییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگەوە نەبووە و بەشێکیان منداڵیش بوون.

تێچووی جەنگەکە بۆ ئەمریکا

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ڕاپۆرتێکی لەسەر تێچووی ئەم جەنگە تاوەکو گەیشتن بە لێکگەیشتنەکە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، لە ماوەی 15 هەفتەی جەنگدا، ئەمریکا 132 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.

ئاماری قوربانییەکان لە ئێران و ئیسرائیل

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، نزیکەی 3500 ئێرانی لەم جەنگەدا کوژراون، لە ئیسرائیلیش 26 کەس کوژراون و بە هەزاران کەسی دیکە لە هەردوو وڵات بریندار بوون.

زیانەکانی سوپای ئەمریکا

سوپای ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە 13 ئەندامی هێزەکانیان لەم جەنگەدا کوژراون کە ئەفسەر، سەرباز و کارمەندی تەکنیکی بوون.

ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە لوبنان

لە 18ـی ئازاریش، ئیسرائیل ئۆپراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر لوبنان دەست پێ کرد؛ بەرپرسانی تەندروستیی لوبنان دەڵێن بەهۆی هێرش بۆ سەر ئەو وڵاتە، 3700 لوبنانی کوژراون.

قوربانییانی وڵاتانی دیکە لە ناوچەکە

لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئێرانیش بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قوربانی هەبووە، بەتایبەت ئەو کارمەندە ئاسیاییانەی لە وڵاتانی کەنداو کار دەکەن.

هێرشەکان بۆ سەر گەرووی هورمز

گەرووی هورمزیش لە هێرشەکان بێبەش نەبوو؛ یەکێک لە دیارترین ڕووداوەکان گیانلەدەستدانی 3 هاووڵاتیی هیندی بووە لە هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک ئاوەکانی عومان.

کوشندەترین ڕووداوی جەنگەکە

نیویۆرک تایمز باسی لە یەکێک لە ڕووداوەکانی ئەم جەنگەش کردووە و بە کوشندەترین وەسفی کردووە و دەڵێت، لە ڕۆژی یەکەمەوە هێرشێکی ئەمریکی بۆ سەر قوتابخانەیەکی ئێرانی لە شاری میناب بووە هۆی کوژرانی 175 قوتابی و مامۆستا لە قوتابخانەیەکی سەرەتاییدا، دواتر ڕووداوەکە کاردانەوەی فراوانی بە دوای خۆیدا هێنا.

دۆخی ئابووریی ئێران دوای جەنگ

بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکە، ئابووریی ئێران خۆی لە دۆخێکی خراپدا بوو، بەڵام ئێستا ئەوەندەی دیکە خراپ بووە و بەرەو داڕمان دەڕوات؛ نرخی خۆراک و شمەکی سەرەکی بەرز بووەتەوە و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتی لە ئێران سەخت بووە.

زیانەکانی کەرتی پەروەردە و تەندروستی

بەگوێرەی خاچی سووری ئێرانی، بە سەدان قوتابخانە و دامەزراوەی تەندروستی لەم جەنگەدا لە ئێران زیانیان بەرکەوتووە یان بەتەواوەتی ڕووخاون.

کاریگەرییەکان لەسەر نرخی وزە و بانک

بەگوێرەی پێگەی موودی بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی زانیارییەکان، بۆ ئەمریکییەکان تێچووی جەنگەکە 132 ملیار دۆلاری ئەمریکی بووە، هەر جەنگەکە نرخی وزە و سوودی بانکیشی بەرز کردووەتەوە.

تێچووی سەربازیی پنتاگۆن

مانگی ڕابردوو، بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن بە کۆنگرێسی ڕاگەیاند، تێچووی جەنگ تەنیا بۆ سوپای وڵاتەکە گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلاری ئەمریکی، بەڵام ئەم پارەیە چاککردنەوەی دەیان بنکەی سەربازیی ئەمریکا لەخۆ ناگرێت کە لە ناوچەکەدا بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە.

هێرش بۆ سەر یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا

ئێران بە خراپی زیانی بە چەند یەکەیەکی سەربازیی ئەمریکاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە، وەک ڕاداری سەربازی لە سعودیە و باڵیۆزخانەکەی لە ڕیاز.

بارگرانیی دارایی بۆ خێزانە ئەمریکییەکان

سەبارەت بە ناوخۆی ئەمریکاش، ئەمریکییەکان تاوەکو ئێستا لەو کاتەوەی جەنگ دەستی پێ کردووە، 60 ملیار دۆلار پارەی زیادەیان داوە بە گاز و بەنزین، کە دەکاتە 460 دۆلاری زیادە بۆ هەر ماڵێک.

پەککەوتنی بازرگانیی جیهانی

داخستنی گەرووی هورمز و وەستاندنی بازرگانیی جیهانی، وای کردووە نرخی کاڵاکان بەرز ببنەوە، کاریگەرییەکانیشی بەگوێرەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت، سێکتەری کشتوکاڵ و سێکتەری خۆراکیش تێدەپەڕێنێت.

مەترسیی برسێتی لە جیهاندا

هەر بەهۆی ئەم کاریگەرییانە، لە جیهاندا نرخی خۆراک زیاد بووە؛ ئەمەش وا دەکات برسێتی لە جیهاندا زیاد بێت و گەشەی ئابووریش لە چەندین وڵات خاو ببێتەوە.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا