حکومەت بە ناوی پڕۆژەی ڕووناکییەوە "ڕۆنی خۆمان لە سمێڵمان دەدات" و دەشیکات بە دەستکەوت

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
داهاتی مانگانەی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە نزیکەی 134 ملیار دینار
داهاتی مانگانەی کارەبا لە پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە نزیکەی 134 ملیار دینار

پڕۆژەی ڕووناکی کە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە. لە کاتێکدا وەزارەتی کارەبا باس لە کەمبوونەوەی تێچووی پسوڵەی هاوبەشان دەکات، بەڵام ئامارەکان و بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە حکومەت لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە داهاتێکی زەبەلاحی مانگانە کۆ دەکاتەوە و بەشێکی ئەو پارانەی وەک "داشکاندن" هەژمار کراون، لە ڕاستیدا پارەی گەڕاوەی خودی هاوبەشان بووە.

"ڕۆنی خۆمان لە سمێڵمان دەدات"

حکومەت بە ناوی پڕۆژەی ڕووناکییەوە "ڕۆنی خۆمان لە سمێڵمان دەدات" و دەشیکات بە دەستکەوت.

ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ پسوڵەی مانگی نیسان

لە دوایین ڕاگەیێنراوی وەزارەتی کارەبادا، وەزارەتەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە نیوەی هاوبەشان بۆ پسوڵەی مانگی 4 کەمتر لە 49 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، کە لە هاتنەوەی پسوڵەی کارەبادا داشکاندنی پارەگەڕاوەکان بۆ هاوبەشانی ماڵان حیساب کراوە و هەر هاوبەشێک بە تێکڕا لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار دیناری بۆ گەڕاوەتەوە.

3 ملیار دینار لە باڵانسی هاوبەشان گەڕاوەتەوە

وەزارەتی کارەبا باسی ئەوەی نەکردووە کە نزیکەی 118 هەزار هاوبەش پێشتر پارەی کارەبایان داوە و لە باڵانسی خۆیان 3 ملیار و 31 ملیۆن دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە.

ڕاستییەکانی پشت کەمبوونەوەی بڕی پسوڵەکان

ئەمەش جۆرێکە لە چاوبەستکردن، چونکە ئەگەر گەڕانەوەی ئەو 3 ملیار دینارە لە پسوڵەی کارەبا بۆ هاوبەشان نەبوایە، ڕەنگە هاوبەشانی ماڵان زیاتر لە نیوەیان لە 60 بۆ 70 هەزار پارەی پسوڵەی بەکارهێنانی کارەبایان بۆ بهاتایەتەوە.

بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 بۆ تێچووی ڕاستەقینە

لە کاتێکدا وەزارەتی کارەبا باس لەو هاوبەشانە دەکات کە کەمتر لە 49 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتوەتەوە، ئەمەش لەپێناو خستنەڕووی سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕووناکییە؛ بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، بەشێک لە هاوبەشانی کارەبا مانگانە زیاتر لە 100 هەزار دینار پارەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە.

ئاماری گشتیی هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی

لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار هاوبەشی کارەبا هەیە، کە لەو ژمارەیە 1 ملیۆن و 530 هەزار هاوبەش لە پڕۆژەی ڕووناکیدان.

هەڵسەنگاندنی داهاتی مانگانەی پڕۆژەکە

نیوەی بەشداربووانی پڕۆژەی ڕووناکی کە 765 هەزار هاوبەش دەکات، 37 ملیار و 485 ملیۆن دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە؛ ئەگەر تەنیا نیوەکەی دیکە 100 هەزار دیناریان بۆ گەڕابێتەوە، ئەوا دەگاتە 76 ملیار و 500 ملیۆن دینار، بە کۆی گشتی داهاتی مانگانەی کارەبا دەگاتە 113 ملیار و 985 ملیۆن دینار.

داهاتی هاوبەشانی بازرگانی و کۆی گشتی

ئەمە بێجگە لە هاوبەشانی بازرگانی کە زیاتر لە 200 هەزار هاوبەشن و کەمترینیان 100 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە، کە مانگانە زیاتر لە 20 ملیار دینار دەکات. واتە بە کۆی گشتی داهاتی کارەبا لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکییەوە 133 ملیار و 985 ملیۆن دینارە، واتە نزیکەی 134 ملیار دینار.

ئامانج و مێژووی دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی

پڕۆژەی ڕووناکی لە مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا. ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاتژمێری سوودمەند بن.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا