سێنتکۆم: ئەمڕۆ 55 کەشتی بازرگانی و نەوتهەڵگر هوورمزیان تێپەڕاند

ئارام یوسف 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی لە کاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا. فۆتۆ: AP
ژمارەیەک کەشتیی بازرگانی لە کاتی تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا. فۆتۆ: AP

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز زیادی کردووە و تەنیا ئەمڕۆ 55 کەشتیی بازرگانی گەرووەکەیان تێپەڕاندووە، کە تێیدا 17 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە؛ سێنتکۆم جەخت لە پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی دەکاتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ئێران هۆشداریی دابووە کەشتییەکان لە گەرووەکە نزیک نەبنەوە.

زیادبوونی جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، جوڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز زیادی کردووە، ئەمڕۆ شەممە 55 کەشتی گەرووەکەیان تێپەڕاندووە. سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، هێزەکانیان بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنەکانیان لە ناوچەکە، لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئازادیی کەشتیوانیی ناوچەکە.

ئاماری تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان

ئاماژە بەوەش کراوە، تێپەڕبوونی پارێزراوی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز کە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە بەردەوامە و هەر ئەمڕۆ 55 کەشتیی بازرگانی تێپەڕیون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، ئەمڕۆ شەممە 17 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هوورمزەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان تێپەڕیون.

چاودێریکردنی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران

سێنتکۆم جەخت لەوە دەکاتەوە، هێزەکانی ئەمریکا چاوکراوە و بەئاگا دەبن بۆ گرەنتیی تەواوەتیی سەرجەم بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و جێبەجێکردنی بە تەواوەتی.

هۆشدارییەکانی پێشووی ئێران

ئەم ڕاگەیەندراوەی سێنتکۆم لەکاتێکدایە، پێشتر بارەگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەست لە لوبنان، هەروەها سوپای پاسدارانیش داوای لە کەشتییەکان کرد لە گەرووی هوورمز نزیک نەبنەوە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.

ئارام یوسف

2 کاتژمێر پێش ئێستا