نەتانیاهوو فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کرد ئۆپراسیۆنەکانی لە لوبنان ڕابگرێت
سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە سوپایان ڕاسپاردووە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە لوبنان ڕابگرێت، ئەمەش دوای شەپۆلێکی چڕی هێرشە ئاسمانییەکان کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس.
هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، ڕاگرتنی ئۆپراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن بووە، ئاماژە بەوەش کراوە ئەم ڕێنماییی کشانەوەیە "ناوچەی ئەمنی" ناگرێتەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوور دەستیان بەسەردا گرتووە. باس لەوەش کراوە، بڕیارەکەی نەتانیاهوو و یسرائیل کاتز لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بووە بە سەرۆکایەتیی لیوا ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل.
کوژرانی دەیان هاووڵاتی لە لوبنان
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا دەیان هێرشی ئامانجی کردە سەر چەند شارۆچکەیەکی باشووری لوبنان و دۆڵی بیقاع لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لە ئەنجامدا زیاتر لە 16 کەس کوژران.
هێرشی مووشەکیی حیزبوڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل، حیزبوڵای بە هۆکاری ئەو پەرەسەندنە زانی و بانگەشەی ئەوەی کرد لە ماوەی شەوێکدا نزیکەی 50 مووشەک و درۆنی ئاراستەی هێزەکانی ئیسرائیل کردووە. لە بەرامبەردا حیزبوڵا، ئیسرائیلی بە بەرپرسیار زانی و جەختی لەوە کردەوە، وەڵامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دەداتەوە.
ئاماری قوربانیانی شەڕەکە
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئەمڕۆ شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی دوێنێی ئیسرائیل گەیشتووەتە 83 کەس و 141 بریندار، کە زۆربەیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەن. لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا لە 2ی ئازارەوە، کۆی ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 4057 کەس.
2 کاتژمێر پێش ئێستا