هەناردەى نەوت پێش و دواى جەنگ؛ کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو

یاد نەوزاد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان

پاش سەرهەڵدانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، کەرتی وزە دوچاری پاشەکشەیەکی گەورە بووەتەوە. ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لە عێراق و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بە جۆرێک داخستنی گەرووی هوورمز هەناردەی نەوتی چەند وڵاتێکی گەیاندووەتە ئاستی سفر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانیش کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان ڕاگرتووە.

ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردە پێش جەنگ

پێش جەنگ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت 4.5 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، کە 314 هەزار بەرمیلیان لە هەرێمی کوردستان بووە. ئاستی هەناردەی عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 567 هەزار بەرمیل بووە، کە 198 هەزار بەرمیلی لە هەرێمی کوردستانەوە بووە (بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی شوباتی 2026).

دۆخی ئێستای بەرهەمهێنانی نەوت

ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان دابەزیوە بۆ 1 ملیۆن و 332 هەزار بەرمیل؛ لەو بڕەش تەنیا 80 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانە. واتە بەرهەمهێنان 3.2 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە، کە 250 هەزار بەرمیلی پەیوەست بووە بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە.

هۆکارەکانی پاشەکشەی بەرهەم لە هەرێمی کوردستان

کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە 70%، بەهۆی ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بووە کە لە سەرەتای شەڕەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرت و کارمەندەکانیان کشاندەوە. تاوەکو ئێستاش کێڵگەی نەوتی سەرسنگ دوو جار بە درۆن کراوەتە ئامانج و زیانێکی گەورە بەر کۆگاکانی نەوت لە کێڵگەکە کەوتووە.

پێگەی نەوتی ناوچەکە لە بازاڕی جیهانی

پێش جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و عێراق زیاتر لە 21%ـی بەرهەمی نەوتی جیهان و 26%ـی هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی جیهانیان پێکدەهێنا.

ئاستی هەناردە و بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو

بەرهەمهێنانی نەوت لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەگاتە نزیکەی 23 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هەناردەی نەوتی خاویشیان لە دەوروبەری 16 ملیۆن بەرمیلە، ئەمەش پێگە سەرەکییەکەیان لە نەخشەی وزەی جیهاندا دەسەلمێنێت.

سعودیە؛ گەورەترین هەناردەکار

لە ڕووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوە، سعودیە گەورەترین هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا. قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانەی دەگاتە نزیکەی 9.5 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل، و هەناردەکردنی لە ئاستی 6 بۆ 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیرە.

عێراق و گەرووی هوورمز

عێراق لە ڕێگەی گەرووی هوورمزەوە یەکێکە لە بەرهەمهێنەرە گەورەکانی ئۆپێک و خاوەنی یەدەگێکی گەورەیە، کە بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیلە.

ئاستی بەرهەمی ئیمارات

ئیمارات بەرهەمهێنانی نەوتی بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان 3 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت، و هەناردەی نەوتەکەی دەگاتە زیاتر لە 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەرهەمی کوەیت و وڵاتانی دیکە

کوەیت قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتەکەی لە سنووری 2.5 بۆ 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت. پاشان قەتەر، بەحرەین و عومان بە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکەن.

کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هوورمز

بەڵام داخستنی گەرووی هوورمز و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی سنووردار کرد. تەنیا عێراق بە ئەندازەیەکی کەم لە ڕێگەی تورکیا و سووریاوە نەوتەکەی هەناردە دەکات؛ سعودیە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە نیوەی جاران نەوت هەناردە دەکات؛ شانشینی عومان لە گەرووی هوورمز دەربازی بووە و نەوتەکەی هەناردە دەکات، بەڵام هەریەک لە کوەیت، قەتەر، بەحرەین و ئیمارات هەناردەی نەوتیان سفر بووەتەوە و چاوەڕوانی کردنەوەی گەرووی هوورمزن.

یاد نەوزاد

2 کاتژمێر پێش ئێستا