کۆمەڵ و یەکگرتوو: بۆشایی دارایی و حکومى لە هەرێمی کوردستان هەیە
لیژنەی هاوبەشی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و تیشکیان خستە سەر بارودۆخی ناوچەکە و دۆخی سیاسی و دارایی کوردستان و هاوکات بڕیاریان دا پلانێکی هاوبەش لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، کاری زانایان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانیاندا دابڕێژن.
بەکردەییکردنی نەخشەڕێگای هاوبەش
کۆمەڵی دادگەری لە دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ بەکردەییکردنی خاڵەکانی ئەو نەخشەڕێگایە بووە کە هەردوولا لە ماوەی ڕابردوودا لەسەری ڕێککەوتبوون.
بۆشایی دارایی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە
ئاماژە بەوەش کراوە، "بارودۆخی ناوچەکە و شپرزەیی نێوماڵی کورد خاڵی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو، کە هەردوولا هاوڕا بوون دابڕانی لایەنە سیاسییەکان و ئەو بۆشاییە دارایی و حکومییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، و بەرپرسیاریەتیی گەورە لە ئەستۆی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستاندایە."
داڕشتنی پلانی هاوبەشی ڕاگەیاندن
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە ڕاگەیاندنی هەردوولا کۆببنەوە و پلانی هاوبەش دابنێن بۆ بەگژداچوونەوەی دیاردە نامۆکان و پارێزگاری لە شوناسی ئاینی و نەتەوەیی گەلی کورد.
پلانی خێرخوازیی کۆمەڵ و یەکگرتوو
باسی لەوەش کردووە، بڕیاردراوە زانایانی هەردوولا کۆببنەوە و چالاکی و دیداری هاوبەش ئەنجام بدەن لەبارەی پەروەردەکردنی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەسەر بیروباوەڕی ئیسلامیی هاوسەنگ، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو ڕێکخراوی خێرخوازیی بەخشین و هانا کۆببنەوە و پلانی هاوبەش دابنێن تاوەکو بتوانن خزمەتی زیاتر بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا