ڕێبەر ئەحمەد: ئاوارەکان ئەرکێکی قورسیان خستووەتەسەر هەرێمی کوردستان و داواکارین عێراق کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بکات

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە میوانداریکردنی نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بەردەوامە کە بەهۆیەوە فشارێکی گەورە کەوتووەتە سەر سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، هاوكات داوای لە حکومەتی عێراق کرد ئەم پرسە بکاتە ئەولەویەتی کارەکانی.

داوای چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان لە بەغداد

لە ڕۆژی جیهانیی پەنابەراندا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باسی لە دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و گرنگیی هەماهەنگیی زیاتر بۆ سووککردنی ئەم بارگرانییە مرۆییە کرد و داوای لە حکومەتی نوێی عێراقیش کرد کە چارەسەرکردنی پرسی ئاوارەکان بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی.

فشار لەسەر سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان

د. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردنی نزیکەی 1 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە، ئەم ژمارە زۆرە لە ئەرکی مرۆیی، فشارێکی گەورەیە بۆ سەر قوتابخانەکانمان، سیستمی تەندروستی، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژێرخانە ناوخۆییەکان، لە کاتێکدا کە هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانیش کەمیان کردووە."

داواکاری لە حکومەتی عێراق

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەم ئەرکە مرۆییە پێویستی بە هاوکاری و بەشداریی هەمووان هەیە، چونکە بە تەنیا لە توانای هەرێمدا نییە تەواوی ئەم قورساییە بگرێتە ئەستۆ، داوا لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەین، کە چارەسەری قەیرانی ئاوارەکان بکاتە ئەولەویەتی گرنگترین کارەکانی."

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا