فەڵەستینییەکان بۆ دوورکەوتنەوە لە گەرمای هاوین ڕوو لە کەناراوەکانی غەززە دەکەن
لە ژێر سێبەری جەنگێکی وێرانکەر و گەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا، دانیشتووانی کەرتی غەززە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە پەنابردن بۆ کەناراوەکان. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 2 ساڵ بەسەر شەڕ و کاولکاریدا، کەنار دەریا بووەتە تاقە شوێن بۆ فێنکبوونەوە و کەمێک دوورکەوتنەوە لە دیمەنەکانی وێرانکاری، هەرچەندە مەترسیی تۆپبارانیش هێشتا لە ئارادایە.
کەنار دەریا؛ تاقە شوێنی کات بەسەربردن
فەڵەستینییەکانی غەززە بۆ خۆدزینەوە لە گەرمای بەتینی هاوین، ڕوویان لە کەنار دەریا کردووە و ئەو کەنار دەریایە یەکێکە لەو چالاکییە کەمانەی لە کەرتەکەدا ماوەتەوە کە زیاتر لە 2 ساڵە جەنگ بەرۆکی گرتووە. لێرە خەڵکەکە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان کۆبوونەتەوە و بە چالاکی جیاوازەوە خۆیان سەرقاڵ کردووە.
نەبوونی شوێنی گەشتیاری و مێژوویی
مەحموود لافی، ئاوارەی غەززە دەڵێت: "وەکو دەبینن، ژمارەیەکی زۆر خەڵک دێنە کەنار دەریا، چونکە ئەمە تاقە ڕێگەی دەرچوون و فێنکبوونەوەیە بۆ خەڵکەکەمان لە کەرتی غەززە. هیچ شوێنێکی دیکە نەماوە، نە شوێنی مێژوویی، نە شوێنی گەشاوە و نە شوێنی سەرنجڕاکێشی گەشتیاری، جگە لەم شوێنە؛ سوپاسی خودا دەکەین کە لێرەین".
دەریا لە ژێر هەڕەشەی کەشتییە جەنگییەکاندا
کەنار دەریاکە بە تەواوی سەلامەت نییە و بەشێک لەو فەڵەستینییانەی لەوێ کۆبوونەتەوە ترسیان هەیە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیل کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا دەربکەون.
ململانێ لە نێوان ترس و ژیاندا
غادە حەبوش، ئاوارەی غەززە گوتی: "نەوەکانم لێم دەپاڕانەوە بیانهێنم بۆ کەنار دەریا، من ڕازی نەدەبووم چونکە ترسم لە کەشتییەکانی ئیسرائیل و تۆپباران هەیە؛ ئەم شوێنە دەکەوێتە ژێر هێرشەوە، بەڵام ئێمە دەڵێین 'ژیان یەکجارە و یەک خودامان هەیە'. خودا هەرچییەکی لە چارەمان نووسیبێت هەر ئەوەیە".
ئاسودەیی بۆ منداڵان
تەنیا چەند مەترێک لە دووریی خێمەکانەوە، سەفا کە منداڵەکەی لە باوەش کردووە، سەیری دەریای دەکات و دەڵێت ئەم کەنارە تاقە شوێنە منداڵەکانی هەست بە کەمێک ئاسوودەیی بکەن.
قەرەبووکردنەوەی بێبەشییەکانی جەنگ
سەفا نەجم، ئاوارەی غەززە باسی ئەوەی کرد: "لەگەڵ منداڵەکانم هاتوومەتە ئێرە تا یاری بکەن، کەمێک کەشەکە بگۆڕین و قەرەبووی نەبوونی یاری و کەمیی شوێنە کات بەسەربردنەکان لە غەززە بکەینەوە".
وێرانکاریی 81%ـی کەرتی غەززە
لە ناو داروپەردوو و پاشماوەکانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، کە بووەتە هۆی وێرانکردنی 81%ـی کەرتی غەززە و ئاوارەکردنی نزیکەی 2 ملیۆن دانیشتوو، جگە لەم کەنار دەریایە شوێنێکی دیکە نەماوەتەوە بۆ غەززەییەکان تاوەکو کەمێک لە دونیای جەنگ دووربکەونەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا