نۆژەنکردنەوەی حەوزی لینکن مێمۆریاڵ وەکو ئەوە نییە ترەمپ بەڵێنی دابوو و کێشەکانی حەوزەکە زیاتر بوون

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە حەوزی لینکن مێمۆریاڵ
دیمەنێک لە حەوزی لینکن مێمۆریاڵ

دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابوو حەوزی "لینکن مێمۆریاڵ" لە واشنتن بکاتە شوێنێکی پاک و شین وەک ڕەنگی ئاڵای وڵاتەکەی، بەڵام پڕۆژە 14 ملیۆن دۆلارییەکەی ئێستا دوچاری گرفتێکی گەورە بووەتەوە. سەرەڕای نۆژەنکردنەوە، ئاوی حەوزەکە بەهۆی قەوزەوە سەوز بووە و ڕووپۆشەکەی لێدەبێتەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و ئیدارەی واشنتنی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ نۆژەنکردنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵ بەڵێنی دا ئاوی حەوزی لینکن مێمۆریاڵ کە بە "پیس و قێزەون" ناوی برد، پاک بکاتەوە و حەوزەکەش بە ڕەنگی شینی هاوشێوەی ئاڵای ئەمریکا نۆژەن بکاتەوە.

تێچوو و ستایشی سەرەتا

نۆژەنکردنەوەکە کە نزیکەی 2 هەفتەیە تەواو بووە، تێچووەکەی 14 ملیۆن دۆلار بوو؛ حەوزەکە جارێکی دیکە پڕکرایەوە لە ئاو و ترەمپ ستایشی ئاوە پاک و جوانەکەی کرد کە دەبێت مۆنیۆمێنتی واشنتن تێیدا ڕەنگ بداتەوە.

سەرەتای کێشە و سەرئێشەکان

بەڵام بە پێچەوانەوە، لەو ڕۆژەی ترەمپ بەڵێنی نۆژەنکردنەوەی حەوزەکەی دا تاوەکو ئامادە بێت بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، بووەتە سەرئێشە بۆ خۆی و ئیدارەکەی.

دیارنەمانی ڕەنگ و گەشەی قەوزە

سەرەتا، بۆیاخی نوێی حەوزەکە ناهاوسەنگ دەردەکەوت، پاشان گەشەی قەوزەکان ئاوەکەی لە شینەوە کرد بە سەوز و ئێستاش، پارچەی گەورەی ڕووپۆشی حەوزەکە لێدەبێتەوە.

هەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ

هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند کە کارمەندەکانیان ئەو قەوزەیەیان نەهێشتووە کە بەهۆی گەرما و شێوە خێرا گەشەیان کردبوو، شانازیی بەوەش کرد کە ئاوەکە ئێستا بە تەواوی ڕوون بووەتەوە.

قەوزە و تێکچوونی کۆنکرێت

بەڵام لە ڕۆژی هەینیدا، ئاوەکە دەبینرا کە بە قەوزە لێڵ بووە، تەنانەت لەو شوێنانەشی پاککرابوونەوە؛ هەروەها ڕووپۆشە نوێکەش لە چەند شوێنێکدا لێبووبووەوە و کۆنکرێتی حەوزەکە دەرکەوتبوو.

ئاستی پێوانەییی پیسبوونی ئاوەکە

بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا، لە هەموو کاتێک زیاتر قەوزەی تێدابووە.

تۆمەتبارکردنی "تێکدەران" لەلایەن ترەمپەوە

شەوی هەینی، ترەمپ هەندێک لە کێشەکانی خستە ئەستۆی چەند کەسێک کە بە گوتەی خۆی، ئامانجیان تێکدان و سووککردنی کارە جوانەکەیانە.

گرفتە تەکنیکییەکان و فلتەرکردن

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بۆرییەکانی فلتەرکردنی ئاوی حەوزەکە درزیان بردووە یان تێکشکاون و لە نۆژەنکردنەوەکەدا پشتگوێ خراون. لەبری ئەوە ژمارەیەک کرێکار دەبینران کە ماددەی پەرۆکسیدی هایدرۆجینیان دەکردە ناو ئاوەکە تاوەکو قەوزەکە لەناو ببەن، کە بە گوتەی شارەزایان بۆ پاککردنەوەی ئاوەکە پێویستیان بە 15 هەزار لیتر لەو ماددەیە هەیە.

گومان لە گرێبەستەکان

هەر بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کۆمپانیایەک کە پەیوەستە بە پشتیوانێکی دێرینی ترەمپەوە، گرێبەستێکی ڕاستەوخۆی بۆ دانانی سیستمێک بۆ حەوزەکە لە سەرەتای ئەم بەهارەدا پێدراوە و ئێستا کۆمپانیاکە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.

دیمەنی نائومێدکەری گەشتیاران

ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر بە ئەمریکی و بیانییەوە سەردانی لینکن مێمۆریاڵ دەکەن، بەڵام ئێستا وا دەردەکەوێت زیاتر بۆ بینینی قەوزەکان هاتبن، نەک بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی شوێنێکی مێژوویی ئەمریکا لە ئاوەکەدا ببینن.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا