ڕێبەر ئەحمەد: کۆمپانیاکانی نەوت داوای گرەنتیی شایستەیی دارایی و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دەکەن
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان 2 مەرجی سەرەکییان هەیە، کە بریتین لە پاراستنی ئەمنیی کێڵگەکان و گەرەنتیی شایستە داراییەکانیان. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران لەبارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، تاوەکو ئێستا تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە و هێرشەکانی سەر کەمپەکان پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تارانە.
داواکاریی کۆمپانیا نەوتییەکان
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەوت 2 داواکارییان هەبووە، ئەوانیش گەرەنتیی شایستەیی دارایی و پاراستنیانە لە هێرشەکان.
هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان، هان دران کە دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە؛ هەردوو حکومەت پێویستیان بەوەیە بەرهەمهێنان و هەناردە دەستپێبکاتەوە.
ئەرکی بەغدا لە پاراستنی کێڵگەکان
وەزیری ناوخۆ، ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هاوکاری لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان نیشان دا، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: "پێویستە حکومەتی فیدراڵ گەرەنتیی پاراستنی کۆمپانیاکانی نەوت و کێڵگە نەوتییەکان بکات".
دیاریکردنی سیستمی بەرگری
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان بزانن چ سیستمێکی بەرگریی پێویستە بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان.
ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران
لەبارەی بەردەوامیی هێرشەکانەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی بەغدا و تاران لەبارەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە لەسەر کاغەز ماوە، گوتیشی: "هێرشی سەر کەمپەکان پێچەوانەی ڕێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێرانە و سەردان لە نێوان هەردوولاش هەیە و ئێمە لە هەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هێرشەکان ڕابگیرێن".
2 کاتژمێر پێش ئێستا