ڕێبەر ئەحمەد بۆ کەناڵ8: لەبارەى ناوچە سنوورییەکان هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ تورکیا نییە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ دەسپێکردنی پڕۆسەیەکی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکە دەکات بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناوچە سنوورییەکان و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و دەشڵێت، لەبارەی ناوچە سنوورییەکانەوە هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ تورکیا نییە. هاوکات تیشک دەخاتە سەر گرنگیی لیوا هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و زیادکردنی هەماهەنگییە سەربازییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، بە تایبەت دوای سەردانی شاندە باڵاکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان.
دۆخی ناوچە سنوورییەکان و ڕێگرییەکان
چەند ڕۆژێکە سوپای تورکیا ڕێگری لە گوندنشینان دەکات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان؛ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دانی بەوەدا نا کە هیچ هەوڵێک لە ئارادا نییە بۆ چارەسەری کێشەکە، بەڵام بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان گوتی: "لەگەڵ بەغدا هەماهەنگیی زیاتر دەکەین".
ئومێد بۆ پڕۆسەی ئاشتی
پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی ڕێگرییەکانی سوپای تورکیا لە هاونیشتمانییانی شێلادزێ پرسیاری لە ڕێبەر ئەحمەد کرد، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی دایەوە، کە "گفتوگۆیەک هەیە لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە پڕۆسەیەکی ئاشتی بەڕێوەبچێت و ئیتر ناوچە سنوورییەکان چۆڵ بکرێن لە هەر بوونێکی هێزی چەکداری و هەر پێکدادانێکی چەکداری".
ئامانجی گەڕانەوەی ئارامی بۆ گوندەکان
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، ئامانج لە پڕۆسەکە دروستکردنی ئەمنییەت لەو سنوورانە و گەڕانەوەی ئەو سنوورانەیە بۆ خەڵکی ناوچەکە و دێهات و گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە و خەڵک ئازاد بێت بگەڕێتەوە شوێنەکانی خۆیان.
ناڕەزایەتییەکان لە شێلادزێ
لێدوانەکەی وەزیری ناوخۆ لە کاتێکدایە ڕۆژی 19ـی حوزەیرانی 2026 لە شێلادزێ خۆپێشاندان دژ بە ڕێگرییەکانی سوپای تورکیا بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کرد و یەکێک لە ڕێکخەرەکانیشیان بۆ ماوەیەک دەستبەسەر کرد و دواتر لە ڕێگەیەکی دەرەوەی شار ئازادیان کرد.
هەوڵ بۆ کردنەوەی ڕێگە داخراوەکان
خۆپێشاندانەکە بە بەشداریی گەنجانی سنوورەکە و گوندنشینان بەڕێوەچوو، بەڵام هەر زوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەیان پێکرا و هێزێکی ئەمنیی زۆریان لە ناوچەکە بڵاوەپێکرد. خۆپێشاندانەکە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی گەنجانی (شێلادزێ، سیریێ و دێرەلووک) ڕێکخرابوو، بە مەبەستی کردنەوەی ڕێگەیەک بوو، کە بەهۆی شەڕی تورکیا و گەریلای پەکەکەوە داخراوە.
لیوا هاوبەشەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ دروستکردنی لیوای هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان، ڕێبەر ئەحمەد بە کەناڵ8ـی گوت، پێشتر 2 لیوای هاوبەش دروستکرابوو لە ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو لیوایانە ئەرکی خۆیان دەبینن لە چەند شوێنێکی هەستیار کە پێشتر بۆشاییەکی ئەمنی هەبوو.
هەماهەنگی لەگەڵ کابینەی نوێی بەغداد
گوتیشی: "ئێستا بیر لەوە دەکرێتەوە کە هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنییەکان لە چوارچێوەی دروستبوونی کابینەیەکی نوێ لە بەغداد و بەرژەوەندیی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق زیاتر بکەین، بە تایبەتی لە دوای هاتنی شاندەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی عێراق".
سەردانی سوپاسالاری عێراق بۆ هەرێم
ڕۆژی 14ـی حوزەیرانی 2026 شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆبووەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا