لە بەحرکە و کۆمەڵگەی سێبیران کارەبا نییە؛ هاونیشتمانییان لە دۆخێکی خراپدان

ژوان نیزام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند دیمەنێک لە شەوەزەنگ و دۆخی بێ کارەبایی لە بەحرکە و سێبیرانی هەولێر
چەند دیمەنێک لە شەوەزەنگ و دۆخی بێ کارەبایی لە بەحرکە و سێبیرانی هەولێر

دانیشتووانی شارۆچکەی بەحرکە و کۆمەڵگەی سێبیران لە پارێزگای هەولێر، بەدەست بڕانی بەردەوامی کارەبای نیشتمانییەوە دەناڵێنن و باس لەوە دەکەن کە کارەباکەیان وەک "ترافیک لایت"ـی لێهاتووە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێریدان، بەڵام ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلی گەرما، نەک هەر کارەبایان نییە، بەڵکو نەبوونی مۆلیدەی ئەهلی و ناسەقامگیریی هێڵەکان ژیانی لێ تاڵ کردوون.

شەوەزەنگ لە سێبیران و بەحرکە

کارەبابڕان دانیشتووانی شارۆچکەی بەحرکە و کۆمەڵگەی سێبیرانی پارێزگای هەولێری هەراسان کردووە و دەشڵێن: "کارەباکە وەکو ترافیک لایتی لێهاتووە و مۆلیدەش نییە". ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان چەند دیمەنێکی هەردوو شوێنەکەیان بۆ کەناڵ8 نارد، دەردەکەوێت شەوەزەنگە و چاو چاو نابینێت.

18 کاتژمێر بێ کارەبایی

هاونیشتمانییەک لە کۆمەڵگەی سێبیران گوتی: "ماوەی زیاتر لە 18 کاتژمێرە کارەبای نیشتمانییان بڕاوە". ئێستا کاتەکەش زیاتر بووە. گوتیشی: "هیچ مۆلیدەیەکی ئەهلیی جێگرەوەیان نییە تاوەکو لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانیدا بەکاریبهێنن".

کارەبا وەک ترافیک لایت

هاونیشتمانییەکی دیکە لە شارەدێی بەحرکە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لە بەیانییەوە کارەبای نیشتمانی بووەتە ترافیک لایت بە جۆرێک 5 خولەک دێت و 5 خولەک دەبڕێت.

کێشەی مۆلیدە ئەهلییەکان

ئەم هاتنەوە و بڕانەی کارەبا سەریشی لە مۆلیدە ئەهلییەکان تێکداوە، هاونیشتمانییەک لەم بارەیەوە ئەم نامەیەی ناردووە، وەکو خۆی بۆتان دەخوێنمەوە: "مۆلیدە هەیە و ئامادەیە کار بکات، بەڵام مەجالی پێنادرێت، هەر کاتێک مۆلیدەکە دادەگیرسێنرێت کارەبای نیشتمانی (سەرەکی) دێتەوە و مۆلیدەکە دەکوژێنرێتەوە، کاتێکیش سەرەکییەکە دەبڕێتەوە، هێشتا مۆلیدەکە هەڵنەکراوەتەوە کارەبا دێتەوە".

شکستی پڕۆژەی ڕووناکی لە گەرمادا

ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە شەپۆلی گەرما دەستیپێکردووە و کارەبای ئەو ناوچانەش پڕۆژەی ڕووناکییە و بڕیار وابوو 24 کاتژمێر کارەبایان هەبێت.

ژوان نیزام

3 کاتژمێر پێش ئێستا