هۆکار و چارەسەری دروستبوونی زیپکە

سەروەر سالار 4 کاتژمێر پێش ئێستا
وێنەی گەنجێک گرفتی دروستبوونی زیپکەی هەیە
وێنەی گەنجێک گرفتی دروستبوونی زیپکەی هەیە

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەک گرفتی دروستبوونی زیپکە هەشتەم باوترین جۆری نەخۆشییە لە جیهاندا، نزیکەی %10ـی دانیشتووانی جیهان گرفتی دروستبوونی زیپکەیان هەیە، نزیکەی %85ـی ئەو کەسانەی  تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 25 ساڵاندایە گرفتی دروستبوونی زیپکەیان هەیە.

زیپکە چییە؟

زیپکە بریتییە لە کۆبوونەوەی چەوری و خانە مردووەکانی پێست، بەشێوەی بەرزبوونەوەیەک لە پێستدا دەردەکەوێت، دروستبوون و سەرهەڵدانی زیپکە لە کەسانی هەرزەکاردا گرفتێکی تەندروستیی باوە، دەکرێت هەموو تەمەنێک تووشی گرفتی دروستبوونی زیپکە ببێت.

هۆکارەکانی دروستبوونی زیپکە چین؟

دروستبوونی زیپکە کۆمەڵێک هۆکاری جیاوازی هەیە، لەوانە:

  1. دروستبوونی چەوریی زیادە لە پێستدا
  2. تووشبوونی کەسەکە بە بەکتریا
  3. بوونی گرفتی هەوکردن لە کەسەکەدا
  4. گۆڕانی ئاستی هۆڕمۆنەکان
  5. بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان
  6. جۆری ژەمە خۆراکییەکان (ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە پێکهاتەی کاربۆهایدرایت مەترسیی تووشبوون بە زیپکە زیاد دەکەن)
  7. بوونی فشاری دەروونی
  8. پاکوخاوێن نەبوونی کەسەکە
  9. بەکارهێنانی هەندێک جۆری بەرهەمە جوانکارییەکان
  10. تەمەن
  11. بۆماوەیی خێزانی
  12. بوونی فشار لەسەر پێست

لێکەوتە نەخوازراوەکانی دروستبوونی زیپکە چین؟

ئەو کەسانەی ڕەنگی پێستیان تۆخە و تووشی گرفتی دروستبوونی زیپکە دەبن، زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی لێکەوتە نەخوازراوەکانی دروستبوونی زیپکە ببن، وەک گۆڕانی ڕەنگی پێستی کەسەکە بەرەو تۆختر بوون یان کاڵتر بوون بەراورد بە ڕەنگی پێشوتری پێستی کەسەکە پێش دروستبوونی زیپکەکە.

سەروەر سالار

4 کاتژمێر پێش ئێستا