گومرگی هەرێم: بڕیارە نوێیەکانی بەغداد دەروازەکانمان ناگرێتەوە و بازگە ناوخۆییەکان دەمێننەوە

ژوان نیزام 4 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل
دیمەنێک لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل

سەرەڕای هەوڵەکان بۆ یەکخستنی سیستمی دارایی، بڕیارە نوێیەکانی بەغداد بۆ دەروازە سنوورییەکان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و کێشەی بازگە گومرگییەکانی نێوانیشیان بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.

سەربەخۆیی دەروازەکانی هەرێم لە بڕیارە نوێیەکان

سەرچاوەیەک لە دەستەی گومرگی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاندووە، ئەو بڕیارە نوێیانەی حکومەتی عێراق بۆ ڕێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان دەری کردوون، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرپرسیارێتیی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا ناکرێت و ئیدارەدانەکەیان وەک پێشتر بەردەوام دەبێت.

چارەنووسی بازگە گومرگییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد

سەبارەت بەو بازگە گومرگییانەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەن، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرکی ئەو بازگانە تەنیا کاتێک کۆتایی دێت کە هەردوولا لەسەر سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. تاوەکو ئەو کاتەی ئەو سیستمە جێگیر دەبێت، بازگەکان بۆ وەرگرتنی جیاوازیی نرخ و باج وەک خۆیان دەمێننەوە.

وەرگرتنی "تەواوکاریی گومرگی" لە بازرگانان

عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی نوێی ئاشکرا کردووە. بەپێی قسەی قەیسی، ڕێککەوتنی یەکخستنی پێناسی گومرگی بەو شێوەیەیە کە هەر کاڵایەک لە هەرێمی کوردستان گومرگ بکرێت، کاتێک دەگاتە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، "تەواوکاریی گومرگی" لێ دەسەنرێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو جیاوازییەی لە نێوان گومرگی هەرێم و بەغدادا هەیە، لە بازرگانەکە وەردەگیرێتەوە.

خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەردوولا

بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوە کردووە کە 2 خاڵی سەرەکی ڕێگرن لەبەردەم یەکخستنی تەواوەتیی دەروازەکان. خاڵی یەکەم بریتییە لە جیاوازیی یاسا بەرکارەکانی هەرێم لەگەڵ یاساکانی عێراق، خاڵی دووەمیش پەیوەندیی بە ناکۆکییەکانەوە هەیە لەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. بەهۆی ئەم کێشانەوە، دەروازە گومرگییەکانی نێوان هەردوو لایەن لەم قۆناغەدا لانابرێن.

ژوان نیزام

4 کاتژمێر پێش ئێستا