کێلێ، سەیرانبەن و پشتە دەبنە فەرمی؟ لیژنەیەکی هاوبەشی هەرێم و عێراق دەستبەکار دەبێت
پاش ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، هەردوولا بڕیاریان داوە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنن تاوەکو بە مەیدانی سەردانی ئەو دەروازانە بکەن کە تاوەکو ئێستا بە "نافەرمی" ماونەتەوە.
پێکهاتەی لیژنە هاوبەشەکەی هەولێر و بەغداد
بەگوێرەی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لیژنەکە لە چەندین لایەنی ئەمنی و کارگێڕی پێکدێت. لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ بەشدار دەبن. لە بەرامبەریشدا لە حکومەتی عێراق، نوێنەرانی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری و دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵ ئەندام دەبن لە لیژنەکەدا.
ئەرک و ئامانجی سەردانە مەیدانییەکان
ئامانجی سەرەکیی ئەم لیژنەیە سەردانیکردنی سەرجەم ئەو دەروازە سنوورییە نافەرمییانەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە. لیژنەکە لە نزیکەوە هەڵسەنگاندن بۆ ژێرخانی ئەو دەروازانە دەکات و ڕاپۆرتێکی ورد ئامادە دەکات تاوەکو دیاری بکرێت کام دەروازە گونجاوە بۆ ئەوەی بە فەرمی بناسێندرێت و بکرێتە ناوەندێکی فەرمیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری.
پڕۆسەی بڕیاردان و ڕاسپاردەکان
دوای تەواوبوونی سەردانە مەیدانییەکان، لیژنە هاوبەشەکە ڕاپۆرتی کۆتایی و ڕاسپاردەکانی خۆی ئامادە دەکات. ئەم ڕاپۆرتە بە فەرمی بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق. لەوێدا و پاش تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکی و ئەمنییەکان، بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو دەروازانە دەدرێت کە مەرجی پێویستیان تێدایە بۆ بوون بە دەروازەی فەرمی لە نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێدا.
ئەو دەروازانەی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەن
لە ئێستادا 6 دەروازە لە هەرێمی کوردستان هەن کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی دانیان پێدا نەنراوە و وەک دەروازەی نافەرمی پۆلێن کراون. ئەو دەروازانەش بریتین لە: کێلێ، سەیرانبەند، شوشمێ، پشتە، سەرزیر و سێماڵکا. ئەم لیژنەیە چارەنووسی ئەم خاڵە سنوورییانە یەکلا دەکاتەوە و ئاراستەی کارکردنی داهاتوویان دیاری دەکات.
3 کاتژمێر پێش ئێستا