بەرکەوتنی خانمی دووگیان بە چەند ماددەیەکی پیشەسازی ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی بە گرفتێکی هۆرمۆنیی درێژخایەن و بێزارکەر زیاددەکات
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، بەرکەوتنی خانمی دووگیان بە "ماددە هەمیشەییەکان" کە چەند ماددەیەکی پیشەسازین و لە هەندێک بەرهەمی باودا بەکاردەهێنرێن، ئەگەری تووشبوونی کۆرپەکەی بە کۆنیشانەی زیندەچالاکیی هێلکەدانەکان (پێشتر پێی دەگوترا PCOS) زیاددەکات.
ماددە هەمیشەییەکان چین؟
ماددە هەمیشەییەکان ئەو ماددانەن لە کارگەکاندا دروستدەکرێن و بۆ هەمیشە لە سروشتدا دەمێننەوە و تێکناشکێن، هەروەها دەرکەوتووە ئەم ماددانە لە جەستەدا وەکو هۆرمۆن کاردەکەن و دەکرێت چەندین گرفتی درێژخایەن و تەنانەت شێرپەنجەش دروستبکەن.
ماددە هەمیشەییەکان لە چیدا بەکار دەهێنرێن؟
بەشێوەیەکی سەرەکی ماددە هەمیشەییەکان لەم بەرهەمانەدا هەن:
- تاوەی تیڤاڵ و ئەو جۆرە کەلوپەلانەی ناوماڵ کە لەکاتی چێشتلێناندا هیچیان پێوە نالکێت
- ئەو بەرهەمانەی بۆ پێچانەوە و هەڵگرتنی خواردن بەکار دەهێنرێن
- ئەو جلوبەرگ و کوتاڵانەی کە پەڵە نایانگرێت
- ئەو بەرهەمانەی دژەئاون، بۆ نموونە ئیزوگام و پەمپی دژەئاو بۆ ناوماڵ
- هەندێک بەرهەمی جوانکاری و ئارایشت
ماددە هەمیشەییەکان چ زیانێک بە تەندروستیی منداڵ دەگەیەنن؟
لە توێژینەوەکەدا کە زانکۆی هارڤارد کردوویەتی دەرکەوتووە، ئەو دایکانەی لەکاتی دووگیانیدا ئاستی ماددەکان لە خوێنیاندا زۆر بووە، بەڕێژەی 2.3 بۆ 2.7 هێندە ئەگەریان زیاترە منداڵەکە کچەکەیان تووشی PMOS ببێت، ئەم گرفتە پێشتر پێی دەگوترا PCOS یان کۆنیشانەی فرەکیسیی هێلکەدان.
PMOS چییە؟
نەخۆشییەکی درێژخایەنە و نزیکەی 15%ـی ژنان تووشی دەبن، هۆکارەکەی تاوەکو ئێستا نەزانراوە بەڵام لە 2026ـدا ناوەکەی لە PCOSـەوە گۆڕرا بۆ PMOS، کە بە کوردی بە واتای کۆنیشانەی زیندەچالاکیی چەند کوێرەڕژێنیی هێلکەدانەکان دێت. تووشبووانی ئەم گرفتە تووشی ناڕێکیی هۆرمۆنی، ناڕێکیی سووڕی مانگانە، زیپکە و مووهاتن لە ڕووخسار دەبن.
خانمان چی بکەن بۆ ئەوەی کۆرپەکەیان پارێزراو بێت؟
- بەکارنەهێنانی تاوەی تیڤاڵ
- فڕێدانی ئەو تاوە تیڤاڵانەی کە شوختیان تێدایە
- ئامادەکردنی خواردن لە ماڵەوە و بەکارنەهێنانی خۆراکە دەستکاریکراوەکان
- بەکارنەهێنانی بەرهەمە دژەئاوەکان
- بەکارهێنانی فلتەری ئاو
3 کاتژمێر پێش ئێستا