لە 314 هەزارەوە بۆ 80 هەزار بەرمیل؛ جەنگ و درۆنەکان چییان بە نەوتی هەرێم کرد؟

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان

پاش داخستنی گەرووی هورمز و هەڵگیرسانی جەنگی نێوان واشنتن و تاران، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە توانای هەناردەکردنیان لەدەستداوە.

دۆخی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان

پێش دەستپێکردنی جەنگ لە شوباتی 2026، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە 4.5 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، کە 314 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانی هەرێم بووە. لەو کاتەدا عێراق ڕۆژانە 3 ملیۆن و 567 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، کە 198 هەزار بەرمیلی پشکی هەرێمی کوردستان بووە. بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 1 ملیۆن و 332 هەزار بەرمیل دابەزیوە و پشکی هەرێمیش تەنیا 80 هەزار بەرمیلە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەرهەمهێنانی گشتی 3.2 ملیۆن بەرمیل کەمبووەتەوە.

هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێم

بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی زیاتر لە 70% کەمی کردووە، ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتای شەڕەوە کارمەندەکانیان کشاندەوە. هاوکات لایەنی ئەمنی کاریگەریی هەبووە و کێڵگەی نەوتی سەرسنگ 2 جار بە درۆن کراوەتە ئامانج، کە زیانێکی گەورەی بە کۆگاکانی نەوت گەیاندووە و بووەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆسەی کارکردن لەو کێڵگەیەدا.

پێگەی وڵاتانی کەنداو پێش هەڵگیرسانی جەنگ

پێش جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و عێراق پێکەوە 21%ـی بەرهەمی نەوتی جیهان و 26%ـی هەناردەی جیهانیان پێکدەهێنا. ئاستی بەرهەمهێنانیان گەیشتبووە 23 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و هەناردەی نەوتی خاویشیان لە دەوروبەری 16 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش وای کردبوو ناوچەکە ببێتە چەقی سەرەکیی دابینکردنی وزە لەسەر ئاستی جیهان.

ئاستی هەناردەی سعودیە و ئیمارات و کوەیت

سعوودیە وەک گەورەترین هەناردەکاری جیهان ڕۆژانە 9.5 بۆ 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و 6 بۆ 7 ملیۆنی هەناردە دەکرد. ئیماراتیش ئاستی بەرهەمهێنانی لە نێوان 3 بۆ 3.5 ملیۆن بەرمیل بووە و هەناردەکەشی 3 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە. هەروەها کوەیت ڕۆژانە 3 ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا و وڵاتانی وەک قەتەر، بەحرەین و عومان پێکەوە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد.

لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز لە دوای جەنگ

داخستنی گەرووی هورمز هەناردەی نەوتی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی پەکخستووە، بە جۆرێک هەناردەی هەریەک لە کوەیت، قەتەر، بەحرەین و ئیمارات گەیشتووەتە سفر. عێراق ئێستا تەنیا بڕێکی کەم لە ڕێگەی تورکیا و سووریاوە نەوتەکەی هەناردە دەکات و سعودیەش لە ڕێگەی دەریای سوورەوە نیوەی جاران هەناردە دەکات. لەم نێوەندەدا تەنیا عومان توانیویەتی لە گەرووی هورمز دەربازی بێت و بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکان.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا