دەرزییەکانی کێشدابەزاندن خستنەوەی منداڵ ئاسانتر دەکەن

پێشەوا جەلال 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دەکرێت پیاوان و ژنانیش سوود لە دەرزییەکانی کێشدابەزاندن بۆ بەهێزکردنی توانای وەچەخستنەوە ببینن
دەکرێت پیاوان و ژنانیش سوود لە دەرزییەکانی کێشدابەزاندن بۆ بەهێزکردنی توانای وەچەخستنەوە ببینن

توێژینەوەکان دەریدەخەن، دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش دەکرێت یارمەتیی ئەو خانمانە بدەن کە PMOSـیان هەیە منداڵیان ببێت (پێشتر ئەم گرفتە پێی دەگوترا PCOS یان فرەکیسیی هێلکەدان). هەروەها پیاوانیش دەتوانن سوود لەم دەرزییە وەربگرن بەو پێیەی لە چەند ڕوویەکەوە سوود بە توانای وەچەخستنەوەیان دەگەیەنێت.

ژنان چۆن سوود لە دەرزییەکان وەردەگرن؟

ژنان بەهۆی کۆنیشانەی زیندەچالاکی و هۆرمۆنیی هێلکەدانەکانەوە تووشی زیادبوونی بەرگریی خانەکان بۆ ئینسۆلین دەبن و بەهۆیەوە سووڕی مانگانەیان ناڕێک دەبێت و گرفت بۆ دووگیانبوونیان دروستدەبێت. دەرزییەکانی کێشدابەزاندن یارمەتیی خانمان دەدەن کێشیان داببەزێت، بەرگریی خانەکانیان بۆ ئیسنۆلین کەم ببێتەوە، سووڕەکانیان ڕێکتر ببێت. هەموو ئەمانە وادەکەن ئەگەری دووگیانبوونی خانمەکە زیاتر ببێت.

چۆن پیاوان بەهۆی دەرزییەکانەوە توانای وەچەخستنەوەیان زیاددەبێت؟

توێژینەوەیەک لە کۆنفرانسی جیهانیی ENDO 2026 دەریدەخات، دەرزییەکانی دابەزاندنی کێش دەکرێت ئەم سوودانە بە توانای وەچەخستنەوەی پیاوان بگەیەنن:

  • زۆربوونی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە
  • زۆربوونی ژمارەی سپێرم
  • باشبوونی شێوەی سپێرم

ئەم کاریگەرییانە بەتایبەتی لەو کەسانەدا دەرکەوتووە کە بەهۆی قەڵەوییەوە تووشی گرفتەکانی سپێرم بوون. لەبەر ئەمە پسپۆڕان دەڵێن دەکرێت کاریگەرییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی کێش و هەوکردن لە جەستەدا دەرکەوتبن.

ئەم دۆزینەوانە چیمان پێ دەڵێن؟

هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە چارەسەرکردنی قەڵەوی و گرفتە زیندەچالاکییەکان دەکرێت ڕێگەیەکی کاریگەر بن بۆ بەهێزکردنی توانای وەچەخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هۆرمۆنەکان لە پیاوان و ژنانیشدا.

پێشەوا جەلال

3 کاتژمێر پێش ئێستا