لە ئەمڕۆوە تاوەکو پێنجشەممە؛ مووچەی 42 هەزار مامۆستای گرێبەست دابەش دەکرێت
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست دەکات بە دابەشکردنی مووچەی ئەو توێژانەی کە تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، پڕۆسەکەش ماوەی 5 ڕۆژ دەخایەنێت.
خشتەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیران تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە 25ی حوزەیرانی 2026، مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. ئەم بڕیارە هەروەها ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە بە شێوەی گرێبەست کار دەکەن و تەمویلی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
فەرمانبەرە نوێیەکانی دوای تەمووزی 2024
لە پاڵ مامۆستایانی گرێبەست، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای 1ی تەمووزی 2024 بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی دامەزراون. شایستە داراییەکانی ئەم فەرمانبەرانەش بە تەواوەتی لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
داهاتی ناوخۆ و کارە لەپێشینەکانی حکومەت
بەرپرسێکی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە داهاتی بەردەستی وەزارەتی دارایی دیاریکراوە و ڕۆژانە داهاتی ناوخۆ کۆ دەکرێتەوە تاوەکو مووچە نەدراوەکانی مانگی ئایار دابین بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دابینکردنی مووچە کاری لەپێشینەی حکومەتە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕ کراونەتەوە.
ئاماری مامۆستایانی گرێبەست و تێچووی مووچەکانیان
لە ئێستادا ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا زیاتر لە 42,000 مامۆستایە. تەمویلی مووچەی ئەم مامۆستایانە مانگانە نزیکەی 25 ملیار دینارە. دابەشکردنی مووچەی ئەم توێژانە لە کاتێکدایە کە مووچەی زۆربەی مووچەخۆرانی دیکە بۆ مانگی ئایار لە نێوان 26 تاوەکو 28ی ئایار دابەشکراوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا