ئێران هۆشداری دەدات: بێ ڕاگرتنی جەنگی لوبنان، ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا هەڵدەوەشێتەوە
تاران مەرجی سەرەکی بۆ بەردەوامیی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، بێ پابەندبوونی واشنتن بە خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کە ڕاگرتنی شەڕە، هیچ گفتوگۆیەکی نوێ ئەنجام نادەن.
لوبنان؛ کلیلی سەرکەوتنی یاداشتی لێکتێگەیشتن
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە و ئەندامی شاندی دانوستانکاری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر جەنگ لە لوبنان ڕانەگیرێت، تاران هەموو خاڵەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە بە کێشەدار دەبینێت. بەپێی خاڵی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتن، دەبێت جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە ڕابگیرێت، ئێران ئەم خاڵە بە مەرجی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە دادەنێت.
هۆکاری دواکەوتنی دانوستانەکانی سویسرا
بڕیار بوو ڕۆژی 19ی ئەم مانگە دانوستانەکان بە نێوەندگیریی پاکستان و قەتەر لە سویسرا دەست پێ بکەن، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا. ئێران هۆکارەکەی بۆ بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان گەڕاندەوە، لە بەرامبەردا کۆشکی سپی ڕایگەیاند بەهۆی کێشەی لۆجستی و گەشتنەکردنی جەی دی ڤانس بۆ سویسرا، دانوستانەکان دواکەوتوون.
داواکارییەکانی تاران لە شاندی ئەمریکا
بەقائی ئاشکرای کرد کە ئامانجی سەرەکیی گەشتەکەیان بۆ سویسرا، داواکردنە لە واشنتن تاوەکو پابەندی بەڵێنەکانی بێت. ئەو جەختی کردەوە کە تاوەکو ئێستا ئەمریکا خاڵەکانی یاداشتەکەی وەک پێویست جێبەجێ نەکردووە، بە تایبەت خاڵەکانی 1، 4، 5، 10 و 11 کە بە بڕبڕەی پشتی ڕێککەوتنەکە دادەنرێن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
هۆشداریدان لە هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنەکە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا کە جێبەجێنەکردنی هەر بەشێکی یاداشتەکە، تەواوی پڕۆسەکە تووشی مەترسی دەکات. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە پێویستە لایەنی ئەمریکی بە زووترین کات پابەندیی خۆی بە ڕاگرتنی شەڕ ڕابگەیەنێت، ئەگەرنا پڕۆسەی دانوستانەکان ڕووبەڕووی بنبەست دەبنەوە و یاداشتەکە بایەخی نامێنێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا