وەزارەتى ناوخۆ: ئەمڕۆ هیچ مامەڵەیەک لە بەشى مۆڵەتى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆ وەرناگیرێت
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ بەهۆی بوونی کێشەیەکی هونەری لە سیستمی ئەلیکترۆنیی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری، ئەمڕۆ 21ی حوزەیران مامەڵەی دەرکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت ڕایی ناکرێت.
ڕاگرتنی کاتیی مامەڵەکان
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت: "بەهۆی بوونی کێشەیەکی هونەری لە سیستمی ئەلیکترۆنیی تۆماری مۆڵەتی شۆفێری، ئەمڕۆ یەکشەممە هیچ مامەڵەیەک لە بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ ڕایی ناکرێت، بۆیە داواکارین شۆفێران سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ نەکەن."
دۆخی تایبەتی دهۆک، زاخۆ و ئاکرێ
وەزارەتی ناوخۆ لە درێژەی ڕاگەیێنراوەکەیدا دەڵێت: "لە پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و شارۆچکەی ئاکرێ، سەرەڕای ڕاگرتنی مامەڵەی مۆڵەت، مامەڵەی بەشی تۆماریش بۆ ئەمڕۆ ڕاگیراوە."
پلانی ئەلیکترۆنیکردنی ساڵانەی ئۆتۆمبێل
لە هەرێمی کوردستان سیستمی مۆڵەتی شۆفێری ئەلیکترۆنییە، بەڵام تاوەکو ئێستا سیستمی پێدانی ساڵانە (سەنەوی) سیستمە کۆنەکەیە و بڕیارە ئەویش هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری بکرێتە ئەلیکترۆنی.
3 کاتژمێر پێش ئێستا