بەرپرسێکی دارایی بۆ کەناڵ8: لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێم پەسەند کرا

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد
وەزارەتی دارایی عێراق لیستی مووچەی مانگی 6ی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد

وەزارەتی دارایی عێراق گڵۆپی سەوزی بۆ لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان هەڵکرد، بەڵام جێبەجێکردنی بڕگەی "مەقاسە" مەترسیی کورتهێنان و دواکەوتنی پارەی مووچەخۆرانی لێ دەکرێت.

پەسەندکردنی لیستەکە لە بەغداد

بەپێی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پەسەند کراوە. ئەمە دوای ئەوە دێت کە لە 17ـی حوزەیرانی 2026، هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایاری ڕادەستی بەغداد کردبوو.

داهاتی نانەوتی و مەرجەکانی فالح سارری

بەرپرسێکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە کە فالح سارری، وەزیری دارایی عێراق، ڕژدە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد سەبارەت بە داهاتی نانەوتی. وەزیری دارایی عێراق داوای بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی مانگانە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆکردنەوەی داهاتی مانگی حوزەیران هێشتا تەواو نەبووە و هەفتەیەکی ماوە.

مەترسییەکانی کورتهێنان و پرسی مەقاسە

تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی حوزەیران تەمویلی تەواوی مووچە دەنێرێت یان داهاتی نانەوتی "مەقاسە" دەکات. بەرپرسە داراییەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر بەغداد بڕی 120 ملیار دینار لە تەمویلی مووچە ببڕێت، گرفت و کورتهێنانی گەورە دروست دەبێت، چونکە مانگی ڕابردوو داهاتی ناوخۆی هەرێم 70% کەمی کردووە و داهاتی ئەم مانگەش هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە.

تەمویلکردنی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغدادەوە

وەزارەتی دارایی عێراق دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی فیدراڵ و بڕیارە دوای تەواوبوونیان، تەمویل بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. لە ئێستادا 51 هەزار مووچەخۆری هەرێم کە مانگانە پێویستیان بە 43 ملیار دینارە، لەگەڵ خەرجییە بەردەوامەکانی حکومەت کە 100 ملیار دینارە، تەمویلەکەیان لە ئەستۆی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆیە بڕینی داهاتی نانەوتی لە لایەن بەغدادەوە دۆخەکە قورستر دەکات.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا