عوسمان عەلی... لە هونەرمەندە شۆڕشگێڕە ناسراوەکانی کوردە
عوسمان عەلی، ساڵی 1944 لە گەڕەکی مەڵکەندیی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە منداڵییەوە دەستی بە کارکردن کردووە و بەهۆیەوە ناچار بووە لە قۆناغی سەرەتایی خوێندندا دەستبەردار خوێندن ببێت.
پێشمەرگە بووە
ساڵی 1963 عوسمان عەلی چووەتە ڕیزی پێشمەرگە و دەستی بە خەبات کردووە بۆ کوردایەتی، پاش چوونە ڕیزی پێشمەرگە و شۆڕش، ساڵی 1965 دەستی بە کاری هونەری کردووە، ساڵی 1969 بووە بە ئەندامی بەشی موزیک و گۆرانیی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی.

چەندین گۆرانی تۆمارکردووە
پاش هەڵگیرسانی شۆڕش، دەستی بە کارکردن کردووە لەگەڵ ئەندامانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای شۆڕش؛ چەندین گۆرانیی تایبەتی تۆمارکردووە، کە تاوەکو ئێستا لە هزری گوێگرەکانیدا ماونەتەوە.
تا دواساتەکانی ژیانی کاری کردووە
ساڵی 1975 تا دوا چرکەکانی ژیانی لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانیدا کاری کردووە، بەردەوام بووە لە تۆمارکردنی چەندین بەرهەم، لەو ماوەیەشدا لەگەڵ هەریەک لە (تیپی مۆسیقای مەولەوی، تیپی مۆسیقای شۆڕش و تیپی مۆسیقای نەورۆز) کاری کردووە و هاوکاری کردوون.
لە ئاهەنگە نیشتمانییەکاندا بەشدار بووە
عوسمان عەلی یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی کە لە زۆرینەی بۆنە هونەری، نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکاندا گۆرانی گوتووە و جوانترین بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە، لە چەندین ئاهەنگی جیاوازدا گۆرانی گوتووە.
لەگەڵ درێژەدان بە خزمەتی هونەری، عوسمان عەلی ساڵی 1996 بە لێپرسراوی کارگەی جلوبەرگی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دیاریکراوە.
میراتێکی دەوڵەمەندی بەجێهێشتووە
پاش چەندین ساڵ لە خزمەت و جێهێشتنی میراتێکی دەوڵەمەندە لە دەیان گۆرانی جوان و زیندوو، شەوی 21ی حوزەیرانی 2005، لەکاتی پێشکەشکردنی مەقام لە ئاهەنگێکدا کۆچی دوایی کردووە.

3 کاتژمێر پێش ئێستا