لە %87 کەمی کردووە؛ نوێترین ئامار و وردەکاریی کۆچی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ئەورووپا

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ژمارەیەک کۆچبەر لەلایەن پۆلیسى کەناراوەکانى یۆنانەوە لە خنکان رزگار دەکرێن
ژمارەیەک کۆچبەر لەلایەن پۆلیسى کەناراوەکانى یۆنانەوە لە خنکان رزگار دەکرێن

ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندبوونی یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی کۆچبەران بۆ عێراق و وڵاتانی سێیەم.

ئاماری گەڕانەوە و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران

پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا، 487 کۆچبەری کورد و عێراقی یان دیپۆرت کراونەتەوە یان ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ناردنەوەی زۆرەملێ لە وڵاتانی ئەڵمانیا، سوید، نەمسا، دانیمارک و سویسرا زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابڕانی خێزانەکان لە یەکتر و دابڕانی منداڵ لە دایک و باوک.

کەمیی ڕێژەی کۆچی نایاسایی و گەشەی کۆچی یاسایی

بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی کۆچی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو 87% کەمی کردووە. لە بەرامبەردا کۆچی یاسایی بە مەبەستی گەشتوگوزار و خوێندن گەشەی کردووە، چونکە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا دەرگای زانکۆکانیان بە ڕووی هاووڵاتییانی هەرێمدا کردووەتەوە. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانی، ڕێژەی هاتنە ژوورەوەی کۆچبەران بۆ ئەورووپا لەم 6 مانگەدا بۆ 39,000 کەس دابەزیوە، کە 60% کەمترە لە ساڵی ڕابردوو.

یاسا نوێیەکانی پەرلەمانی ئەورووپا

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بڕگەیەکی یاسایی نوێی پەسەند کردووە کە بەپێی ئەو، هەموو ئەو کەسانەی داوای مافی پاراستنی نێودەوڵەتییان ڕەت دەکرێتەوە، دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بێتە دەنگ و ڕێگری لە دابڕانی خێزانی بکات، چونکە ناردنەوەی زۆرەملێ بەم شێوەیە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.

ڕێککەوتنی ناردنەوەی کۆچبەران بۆ ئۆگەندا

هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، یۆنان، نەمسا، دانیمارک، هۆڵەندا و ماڵتا ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ وڵاتی ئۆگەندا لە ئەفریقا واژۆ کردووە. بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، ئەو کۆچبەرانەی وڵاتەکانی خۆیان ئامادە نین وەریان بگرنەوە، ڕەوانەی ئۆگەندا دەکرێن و لەوێ لە کەمپی تایبەتدا جێگیر دەکرێن. ئەم ڕێکارە توندانە وەک هۆکاری سەرەکیی ساردکردنەوەی کۆچبەران لە گرتنەبەری ڕێگەی نایاسایی بەرەو ئەورووپا دەبینرێن.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا