حەیدەر عەبوودی: پرسی نەوتى هەرێمى کوردستان پەیوەندیدارە بە پرسی مووچەخۆرانەوە
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جار وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێی لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە. دەشڵێت، پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانەوە، سەرەڕای پابەندبوون بە سیستمی ئەسیکۆدا.
زەیدی حیزب دروست ناکات و بەشداریی هەڵبژاردنیش ناکات
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە پاش کۆبوونەوەی دوێنێ شەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕای گەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێچەوانەی سوودانی بڕیاری داوە هیچ حیزبێک دروست نەکات و بەشداری لە هەڵبژاردنەکان نەکات. گوتیشی، پرسی ئابووری ئامانجی یەکەمی حکوومەتی عێراق دەبێت.
کێشەی پارەی کاش
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە، عێراق هیچ قەرزێکی دەرەکی بۆ مووچە نەکردووە، بەڵام عێراق کێشەی پارەی کاشی هەیە و دووپاتیشی دەکاتەوە، قەیرانی دارایی کاتییە و دوای کردنەوەی گەرووی هوورمز چارەسەر دەبێت.
ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەستە بە ناردنی نەوتەوە
عەبوودی دەشڵێت، پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیدارە بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانەوە، واتە ناردنی نەوت بەردەوام بێت، ناردنی مووچەی مووچەخۆرانیش بەردەوام دەبێت، سەرەڕای پابەندبوون بە سیستمی ئەسیکۆدا.
سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا و بودجەی 2027
حەیدەر عەبوودی ڕوونیشی کردەوە، کابینەی حکوومەت پێش سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن تەواو دەبێت و تەوەری سەرەکیی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا پرسی ئابوورییە. دەشڵێت، بودجەی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئامادە دەبێت.
نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکانی نەوت و دۆزینەوەی بیرە نوێیەکان
لەبارەی پرسی نەوتەوە، حەیدەر عەبوودی ئاشکرای کرد، وەزارەتی نەوتی عێراق کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان و کەرکووک - بانیاس دەکات. ڕاشیگەیاند، بۆ یەکەم جار وەزارەتی نەوتی عێراق ژمارەیەک بیرە نەوتی نوێی لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە بێ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر لەسەر شوێنەکانیان.
کۆکردنەوەی چەک و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان
حەیدەر عەبوودی باسی لەوەش کرد، پرسی کۆکردنەوەی چەک تایبەتە بە ناوخۆی عێراق و ڕێگەی گەشەپێدان بەردەوام دەبێت و بەرەوپێش چووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا