سەرۆککۆماری ئێران: دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین و بۆمبی ئەتۆمیش دروست ناکەین
سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، لە مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆیان خۆش نابن و دەشڵێت، هیچ نیازێکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیان نییە.
پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ بواری ئاشتییە
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026 ڕایگەیاند، وڵاتەکەی نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام هەرگیزیش لە بەرامبەر مافی خۆشمان بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە بواری ئاشتیدا خۆش نابین.
ئامادەیی بۆ سەلماندنی نیازی ڕاستەقینەی ئێران
پزیشکیان دەڵێت، ئەوەی ئەمریکا لێیان داوا دەکات، ئەوەیە ئێران نەبێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆم، وەک خۆی دەڵێت، ئەوە شتێکی نوێ نییە و ئامادەن جارێکی دیکە ئەوە بسەلمێنن کە هیچ نیازێکی دەستخستنی چەکی ئەتۆمیان نییە.
ئەمریکا بژاردەیەکی دیکەی نییە
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەش کرد، دەستەبەرداری مافی پیتاندن نابن و ئەمریکاش هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە قبووڵکردنی ئەو ڕاستییە.
بەردەوامیی گفتوگۆکانی تاران و واشنتن لە سویسرا
قسەکانی پزیشکیان لە کاتێکدایە، شاندی ئێران بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا بە نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان لە سویسران و بڕیارە گفتوگۆکان 2 ڕۆژ بخایەنن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا