سویسرا؛ دیوەخانی دیپلۆماسی و متمانەی نێودەوڵەتییە بۆ جیهان و بۆ کوردیش پەڵەی ڕەشی لۆزانە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە هاوینەهەواری بورگنستۆکی سویسرا، کە یاداشتنامەی لێکگەیشتی نێوان ئێران و ئەمریکای تیادا واژۆ دەکرێت
دیمەنێک لە هاوینەهەواری بورگنستۆکی سویسرا، کە یاداشتنامەی لێکگەیشتی نێوان ئێران و ئەمریکای تیادا واژۆ دەکرێت

سویسرا بەهۆی بێلایەنیی مێژوویی و ئەو متمانەیەی لە ماوەی 200 ساڵی ڕابردوودا دروستی کردووە، بووەتە ناوەندی سەرەکیی چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکان، بەڵام ئەم بێلایەنییە بۆ گەلی کورد مێژوویەکی جیاوازی هەیە و یادەوەرییەکی تاڵ و دابەشکەری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.

دیوەخانەکانی سویسرا و دیپلۆماسی

کاتێک جەنگ و ململانێکان دەگۆڕێن بۆ دیپلۆماسی، ئیدی لایەنەکان ڕوو لە دیوەخانەکانی سویسرا دەکەن؛ بۆچی وڵاتانی بەشەڕهاتوو وا دەکەن؟ چونکە زیاتر لە دوو سەدەیە ئەم وڵاتە ئەوەی بونیاد ناوە کە پێداویستیی هەموو پڕۆسەیەکی ئاشتییە، کە بریتییە لە متمانە.

ڕەگ و ڕیشەی بێلایەنیی سویسرا

لە ساڵی 1815 و دوای کۆنگرەی ڤیێنا، وڵاتانی ئەورووپا و ڕووسیا بە فەرمی دانیان نا بەوەی کە سویسرا بێلایەنە و دەبێت بۆ هەمیشە بێلایەنیی خۆی بپارێزێت. سویسرا لە هیچ جەنگێکی جیهانیدا بەشدار نەبووە و هیچ وڵاتێک دوژمن و دژبەری نییە، ئەمەش وای کردووە وڵاتانی ناکۆک متمانەی پێ بکەن و ئامادە بن لە دیوەخانەکانی جنێڤ سوڵح و ئاشتبوونەوەی خۆیان بکەن.

ژینگەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆ نهێنییەکان

سویسرا ماڵێکی بێدەنگ و بێ سەنگە، بۆ گفتوگۆی دوور لە چاوی میدیا و فشارە دەرەکییەکان یەکاویەکە. لە گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیریدا بۆ ئاشتەوایی ڕکابەری نییە، کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان پچڕاوە لەگەڵ یەکدی، وەک ئەمریکا و ئێران.

واژۆکردنی ڕێککەوتننامە مێژووییەکان

سویسرا شایەتی واژۆکردنی چەندین ڕێککەوتننامەی ئاشتی بووە لە مێژوودا؛ لە ساڵی 1954 ڕێککەوتنەکانی جنێڤ لەو وڵاتە واژۆ کران و کۆتایی هات بە جەنگی هیند و چین.

لە ساڵی 1988یش لە جنێڤەوە بڕیار درا یەکێتیی سۆڤیەت لە خاکی ئەفغانستان بکشێتەوە و نەمێنێت.

لە ساڵی 1949 لە شاری جنێڤی سویسرا چەند پەیماننامەیەک واژۆ کران کە بوونە بنەمای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، گرنگترین بڕگەی پاراستنی کەسانی مەدەنی، بریندار و نەخۆشەکان بوو لە کاتی جەنگدا.

پەیمانی لۆزان؛ یادەوەرییە تاڵەکەی کورد لە سویسرا

بەڵام ئەگەر سویسرا بۆ جیهان ڕەمزی جوانی و ئاشتی بێت و چەندین ڕێککەوتنی ئاشتی تێدا واژۆ کرابێت، لە مێژوو و بیرەوەریی کورددا ئەوەندە جوان نییە، چونکە یەکێک لەو ڕێککەوتنە مێژووییانەی بووە هۆی دابەشکردنی خاکی کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا، لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرا.

ئەو ڕێککەوتنە پەیماننامەی لۆزان بوو، کە لە 24ـی تەممووزی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆ کرا، ئەم پەیماننامەیە سنووری نێوان تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهانیی دیاری کرد و بەهۆیەوە گەلی کورد بێبەش کرا لەو مافەی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت.

هەر لە چوارچێوەی پەیمانی لۆزاندا، سنوورەکانی ئێستای تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا پەسەند کران و دان بە کۆماری تورکیادا نرا وەک جێگرەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

هاوینەهەواری بۆرگنستۆک؛ وێستگەیەکی نوێی دیپلۆماسی

ئێستا هاوینەهەواری بۆرگنستۆک لە ناوەڕاستی سویسرا و هۆتێلێک لەناو شاخ و دارستان و دەریاچە دڵڕفێنەکانی ئەو وڵاتەدا خانەخوێی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکایە و دیار نییە مێژووی ڕێککەوتنێکی دیکەی ئاشتی لەو وڵاتە دەنووسرێتەوە یاخود تەنیا شەرەفی میواندارییەکەی پێ دەبڕێت.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا