فەریق بەختیار محەممەد: دەبێت تاوەکو مانگی نۆ هەموو هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بن

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە
فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی جەنگی ئەمریکا "پنتاگۆن"، دەبێت تاوەکو کۆتایی مانگی 9 هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێن. دەشڵێت، دوای یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئامانجیان پڕچەککردن و پێشخستنی هێزی پێشمەرگەیە.

خێراکردنی پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان

لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، فەریق ڕوکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بە پێویستی دەزانن پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێت.

هەماهەنگیی فەرماندەیی و چاکسازیی کارگێڕی

ڕوونیکردەوە، ئێستا کارەکان گەیشتوونەتە ئەو قۆناغەی کە دەڤەری 1 و 2 دەستبەکار بن؛ کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی و ڕێکخستنەوەی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ لەنێوان دوو دەڤەرەکە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ببەسترێتەوە و ئەوە کاری لەپێشینەی وەزارەتەکەیانە. پاشان پێداچوونەوە دەکەن بە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و کاری پێکەوەیی دوو دەڤەرەکە لەگەڵ وەزارەت، هەروەها کاری وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ سەروو خۆیشی کە حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

پڕچەککردن و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی سەردەم

فەریق بەختیار محەممەد باسی لەوە کرد، لە پاش یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە مەشقی زیاتر بە پێشمەرگە دەکرێت و پڕچەک دەکرێنەوە. دەشڵێت، هەمیشە پێویستمان بە هاوکاری و توانا و ڕاوێژی هاوپەیمانانە بۆ پێشمەرگە، بۆ ئەوەی لە دوای یەکخستنەوە، هێزەکە لەڕووی مەشقکردن، پڕچەککردن و گونجان لەگەڵ تەکنەلۆجیا و مەترسییەکانی سەردەم وەک درۆن و ئاسایشی سایبەر بەتوانا بکەن؛ تاوەکو لە داهاتوودا پێشمەرگە ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستان بەرقەرار بکات و هاوکار بێت لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامیی عێراق و ناوچەکە.

پێشمەرگە وەک سیمبولی دژە تیرۆر

هەر لە قسەکانیدا فەریق بەختیار محەممەد باسی لەوە کرد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شانازی بە پێشمەرگەوە دەکات کە بووەتە سیمبولێک لە دژی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا و جەخت دەکاتەوە، بەهێزتربوونی پێشمەرگە بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی.

بەردەوامیی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوە کرد، هاوکاریی هاوپەیمانان تاوەکو کۆتایی مانگی 9 بەردەوامیی دەبێت و پابەندیی هەردوولا کۆتایی دێت، بەڵام ئەوان لە داهاتوودا چاویان لەوەیە هاوکارییەکە بەردەوام بێت؛ ئەگەر بکرێت بە شێوەی دووقۆڵی بێت (وەزارەتی جەنگی ئەمریکا - وەزارەتی پێشمەرگە) یاخود لەڕێگەی حکوومەتی فیدراڵەوە بێت کە هێزی پێشمەرگە بەشێک بێت لە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی داهاتوو.

پێگەی دەستووریی هێزی پێشمەرگە

گوتیشی، لەڕووی یاساییەوە، هێزی پێشمەرگە لە ماددەکانی دەستووردا دانپێدانراوە کە هێزێکی فەرمی و دەستوورییە، بەڵام ڕێکخستنەوەی هێزەکان و گونجاندنی لەگەڵ مەترسییەکانی سەردەم و پڕچەککردنی، کارێکی بەردەوامە لەناو سوپای وڵاتانیشدا.

دەنگۆی دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ لە عێراق

لەبارەی بوونی دەنگۆ لەسەر دروستکردنی وەزارەتێکی نوێ لە عێراق جیا لە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بۆ کۆکردنەوەی هێزە چەکدارەکان لەو وەزارەتەدا، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هیچ شتێک بە فەرمی لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگەوە بە ئەوان ڕانەگەیەندراوە.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا